رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای لەگەڵ وەبەرهێنەران گەیشتووەتە رێککەوتنێک کە قەبارەی ئەو کۆمپانیایە بۆ 80 ملیار دۆلار بەرزدەکاتەوە.
کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای، لە ساڵی 2015 دامەزراوە و لە ساڵی 2022ـدا بە راگەیاندنی پلاتفۆرمی چات جی پی تی، شۆڕشێکی لە جیهانی ژیریی دەستکرد دروستکرد.
هەرچەندە کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای هێشتا مامەڵەی خۆی لەگەڵ وەبەرهێنەران پشتڕاستنەکردووەتەوە، بەڵام نیویۆرک تایمز دەڵێت دوای ئەو مامەڵەیە، بەهای کۆمپانیاکە بۆ 80 ملیار دۆلار بەرزدەبێتەوە، بەوپێیەش تەنیا لە ماوەی 10 مانگدا بەهای کۆمپانیاکە سێ هێندە بەرزدەبێتەوە.
بەپێی نیویۆرک تایمز، کۆمپانیای راوێژکاریی (سرایڤ کاپیتاڵ) کۆمپانیای نێوەندگیرە لە فرۆشتنی پشکەکانی ئێستای کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای بە وەبەرهێنەران.
بەپێی ئەو مامەڵەیە، بەڕێوەبەران و کارمەندانی کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای دەتوانن پشکەکانی خۆیان بە نرخێکی بەرز بفرۆشنە ئەو وەبەرهێنەرانەی لەگەڵ کۆمپانیاکەدا رێککەوتوون.
بەرزبوونەوەی بەهای کۆمپانیای ئۆپێن ئەی ئای لە کاتێکدایە سێ مانگ تێناپەرێت بەسەر قەیرانێکدا لە ئاستی بەڕێوەبەرایەتییەکەیدا، کە بۆردی کۆمپانیاکە سام ئاڵتمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکەی دوورخستەوە، بەڵام پاش یەک هەفتە گەڕایەوە و گۆڕانکاری لە بۆردی ئۆپن ئەی ئایدا کرا.
ئۆپن ئەی ئای لەرێگەی پلاتفۆرمی چات جی پی تییەوە توانی بەخێرایی لە جیهانی تەکنۆلۆژیا ناوبانگێکی زۆر پەیدا بکات.
چات جی پی تی، لە رێگەی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد توانای بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی نووسراو، وێنە و دەنگی هەیە، کە لەگەڵ تایبەتمەندی و داواکاری بەکاربەر دەگونجێت.
کۆمپانیای مایکرۆسۆفت، گەورە کۆمپانیای تەکنۆلۆژیی جیهان، لە چەند ساڵی رابردوودا نزیکەی 13 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئایدا کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ