رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی پەرلەمانتارێکی ئێران لەنێو پەرلەمانی وڵاتەکەی وێنەی سەرۆککۆماری ئیتاڵیای دڕاندووە، باڵیۆزی ئێرانیان لە رۆما بانگێشت کردووە و ناڕەزایەتیی تووندیان پێگەیاندووە.
ئەنتۆنیۆ تاجیانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا کە هاوکات جێگری سەرۆکوەزیرانیشە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە: "لە تاران، پەرلەمانتارێک لە کاتی دانیشتنی پەرلەماندا وێنەی سێرجیۆ ماتارێلا، سەرۆککۆماری ئیتاڵیای دڕاند." تاجیانی دەشڵێت: "بەو هۆیەوە باڵیۆزی ئێرانمان لە رۆما بانگێشت کرد بۆ ئەوەی سەرکۆنەی ئەو کارەی لێ بکەین".
ئەو کاردانەوەیەی رۆما دوای ئەوە هات کە دوێنێ موجتەبا زاری، ئەندامی پەرلەمانی ئێران وێنەی هەریەک لە سەرۆکی ئیتاڵیا و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی ئەورووپی لە پەرلەمانی وڵاتەکەیدا دڕاند.
کردەوەکەی پەرلەمانتارەکەی ئێران وەک وەڵامێک بوو بۆ ئیزابێلا تۆڤاگلێری، ئەندامی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا، کە پێشتر وێنەی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانی دڕاندبوو و تۆمەتباری کردبوو بە "کوشتنی خۆپێشاندەران".
وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا لە پۆستەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە "پاڵپشتیی تەواوەتی" خۆی بۆ سەرۆکی وڵاتەکەی دەردەبڕێت بەرامبەر ئەو کارەی کراوە.
گرژییە دیپلۆماسییەکان دوای ئەوە دێن کە لە 28ی کانوونی یەکەمی 2025، خۆپێشاندانی بەرفراوان تارانی پایتەخت و شارەکانی دیکەی ئێرانی گرتەوە. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ باس لە کوژرانی زیاتر لە حەوت هەزار کەس دەکەن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە، بەڵام ئێران دەڵێت 3117 کەس کوژراون و زۆربەی کوژراوەکانیش لە هێزە ئەمنییەکانن.
لەلایەکی دیکەوە، تاران دەڵێت نزیکەی سێ هەزار خۆپێشاندەر کوژراون، بەڵام وڵاتانی رۆژئاوا و بەتایبەت ئیسرائیل بە دەستهەبوون لەو کوشتنانە و هاندانی تووندوتیژییەکان تۆمەتبار دەکات.
ئەو گرژییانەی نێوان تاران و رۆما لە کاتێکدان، مانگی رابردوو یەکێتیی ئەورووپا بەهۆی دۆسیەی کوشتنی خۆپێشاندەرانەوە پاکێجێکی سزای بەسەر ئێراندا سەپاند، لەوانەش رێگری لە بەرپرسانی تاران بۆ ئەوەی بچنە نێو باڵەخانە و دامەزراوەکانی یەکێتیی ئەورووپا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ