رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکاندا نرخی نەوت بە بەرزبوونەوە دەستیپێکرد و نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 85 دۆلار و 67 سەنت و، نرخی نەوتی سووکی تەکساسیش بە 80 دۆلار و 95 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
شرۆڤەکارانی کۆمپانیای ANZ دەڵێن "مەترسییە جیۆپۆلیتیکییەکان رووی لە زیادبوونە، ئەوەش وادەکات نرخی نەوت لەگەڵ زیادبوونی مەترسییەکان روو لە بەرزبوونەوە بکات"، ئاماژەیان بە هەڵمەتێکی چڕبوونەوەی هێرشی درۆنیی ئۆکرانیا بۆ سەر پاڵاوگەکانی نەوتی رووسیا لە ماوەی هەفتەی رابردوودا کردووە.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، بەراورد بە داتاکانی چارەکی یەکەم، پاڵاوگەکانی رووسیا بەهۆی هێرشەکانەوە 7٪ توانای پاڵاوتنیان کەمی کردووە.
هاوکات هەواڵگریی ئۆکراینا دەڵێت، دەزگەی ئاسایشی وڵاتەکەیان بە سەرکەوتوویی 12 کێڵگەی نەوتی رووسیایان کردووەتە ئامانج و "بەردەوام دەبین لە لاوازکردنی هێزی ئابووریی رووسیا."
چەند بەرپرسێکی هەرێمی کراسنۆدار لە باشووری رووسیا رۆژی 17-03-2024 رایانگەیاند، "درۆنی ئۆکراینییەکان کێڵگەی نەوتی سلاڤیانسکیان کردە ئامانج."
هەواڵگریی ئۆکراینا دەڵێت، "ئەو کێڵگە نەوتییە ساڵانە 26 ملیۆن و 785 هەزار و 714 بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا و زۆربەی نەوتەکەشی بۆ هەناردەکردن بوو."
دەزگەی ئاسایشی ئۆکراینا رایگەیاند، "ئاژانسەکەمان بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ستراتیژیەتی لاوازکردنی هێزی ئابووریی رووسیا و کەمکردنەوەی هەناردەکردنی وزە کە دووژمن بۆ شەڕ بەکاریدەهێنێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ