تۆم باراک بۆ رووداو: سەرۆک ترەمپ پابەندیی خۆی بۆ پاراستنی کورد دووپات کردووەتەوە

19-03-2026
نامۆ عەبدوڵڵا
نامۆ عەبدوڵڵا
تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە کاتی قسەکردن بۆ نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو
تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە کاتی قسەکردن بۆ نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تۆم باراک لە رێگەی رووداوەوە باس لە رۆڵی خۆی لە دەسپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، "ترەمپ پابەندیی خۆی بۆ پاراستنی کورد دووپات کردووەتەوە".
 
تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداوی لە نیویۆرگ راگەیاند، "ترەمپ پابەندیی خۆی بۆ پاراستنی کورد دووپات کردووەتەوە".
 
تۆم باراک ئاماژەی بەوەش کرد، "وەک 'باریستا یەک بووم بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا".
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و تۆم باراک:
 
رووداو : باڵیۆز باراک، دەتوانین چەند پرسیارێکت لێ بکەین؟ زۆر سوپاس. من نامۆ عەبدوڵڵام لە رووداو. چ رۆڵێکت گێڕا لە دەسپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی جەیهان-کەرکووک لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا؟
 
تۆم باراک: من وەک ئەو "باریستا"یە بووم کە قاوە پێشکەش دەکات. گرژییەکانم هێور کردەوە و لۆژیکم گەڕاندەوە بۆ ناو گفتوگۆکان. زۆریش شانازی بە هەردوو حکومەتی هەولێر و بەغداوە دەکەم بۆ کردنی کارێکی دروست لەپێناو وڵاتدا.
 
رووداو: هەواڵ هەیە لە دیمەشقەوە کە دەسەڵاتدارانی دیمەشق فرۆشتنی کحولیان لە شارەکەدا قەدەخە کردووە، جگە لە گەڕەکە مەسیحییەکان. بۆچوونی جەنابت لەو بارەیەوە چییە؟
 
تۆم باراک: پێموایە زانیاریی چەواشەکاری زۆر هەیە. پێشنیاز دەکەم قسە لەگەڵ رژێمی سووریا بکەیت دەربارەی ئەوەی حەزەکانیان چین. ئەمانە تەنها هەندێک تاسەی بچووکن لە رێگەکەدا.
 
رووداو: بەڵام ئایا جەنابت نیگەران نابیت؟ چونکە باڵیۆزەکەیان ئێستا پشتڕاستی کردەوە کە بەڵێ مەرسوومێک هەیە بۆ قەدەخەکردنی فرۆشتنی کحول لەو گەڕەکانەی مەسیحی نین.
 
تۆم باراک: لەناو هەموو ئەو شتانەی کە دەکرێت نیگەرانم بکەن، ئەمەیان کەمترینیانە. کۆمەڵێک لەم جۆرە لێکتێنەگەیشتن و شتانە روودەدەن کە رەنگە لەگەڵیدا بین یاخود نا. بەڵام ئەمە حکومەتێکی نوێیە و دەیەوێت رێگەی خۆی بدۆزێتەوە. خەڵکەکەش رێگەی خۆیان دەدۆزنەوە. ئەوە بۆ خۆیان جیهێڵدراوە.
 
رووداو: دوایین پرسیار سەبارەت بە هەرێمی کوردستان. هەرێم رووبەڕووی هێرشی زۆری درۆنیی ئەو گروپە چەکدارانەی کەلایەنگری ئێرانن. ویلایەتە یەکگرتووەکان چی دەکات بۆ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگریی هەرێمی کوردستان؟
 
تۆم باراک: ئێمە شانبەشانی یەکترین. پێموایە بینیتان کە سەرۆک ترەمپ دوو جار لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" (TruthSocial) پابەندبوونی ئێمەی بۆ کورد روون کردەوە. پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ کورد بۆ چەندین دەیەی رابردوو دەگەڕێتەوە؛ هەموو کوردەکان، کوردی عێراق، کوردی سووریا و کوردی ئێران. ئێمە لەم بارودۆخە سەختەی عێراقدا شانبەشانی یەک پابەندین.
 
بۆیە ئێمەش شەڕی میلیشیاکانی سەر بە ئێران دەکەین. ئەمە کێشەیەکی سەختە. بینیتان کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا کە لەلایەن کاربەڕێكەرێکی لێهاتوو سەرپەرشتی دەکرێت، لە سێ رۆژی رابردوودا بە تووندی هێرشی کراوەتە سەر. بۆیە وەک دەزانن، ئێمە لەگەڵ حکومەتی کاربەڕێکەر هاوئاهەنگیی دەکەین. سەرۆکوەزیران سوودانی هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات بۆ ئەوەی هێزە عێراقییەکان لەگەڵ فەرماندەیی ناوەندی (CENTCOM) و هەرێمی کوردستان رێکبخات. ئەمە پرۆسەیە. هیوای ئێمە بۆ تەواوی ناوچەکەیە کە هەمووان ئەو رێگەیە بەرەو لێبوردەیی بدۆزنەوە، بەڵام ئەمە وەک پێنج پەنجە و دەستکێشێک وایە؛ عێراق، سووریا، ئێران، ئیسرائیل، تورکیا و لوبنان. هیچ چارەسەرێکی دیکە نییە تەنیا ئەوە نەبێت کە مرۆڤەکان واز لەو ئارەزووەی شەڕکردن بهێنن یان رێگەیەکی نوێ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ یەکدی بدۆزنەوە، ئەمەیە کە هیوای بۆ دەخوازین.
 
رووداو: زۆر سوپاس.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دەنگدانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی "بەکۆیلەکردنی رەشپێستەکان"

لە دەنگدانێکی مێژوویی دا، جیهان کۆیلایەتیی رەشپێستەکان بە 'گەورەترین تاوان دژی مرۆڤایەتی' هەژمار دەکات

دەنگدانێکی مێژوویی. رۆژی چوارشەممە، نەتەوە یەکگرتووەکان بەکۆیلەکردنی رەشپێستەکان کە سەتان ساڵ بەردەوام بوو، وەک "گەورەترین تاوان دژی مرۆڤایەتی" ناساند. تەنیا سێ وڵات دژی بڕیارەکە وەستانەوە کە یەکێکیان ئەمریکا بوو و هۆکاری دژایەتییەکەیان روونکردەوە.