عێراقچی بۆ ژاپۆن: بەشداریکردن لە هاوپەیمانیی ئەمریکا واتە هاوبەشیکردن لە تاوانەکان

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئوسامە محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریی تووند دەداتە وڵاتانی جیهان لە بەشداریکردن لە هەر هاوپەیمانییەکی سەربازی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا و دەڵێت، هێرشەکانی تاران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ناوچەکە تەنیا بۆ "بەرگرییە" و وەک دەستدرێژی بۆ سەر ئەو وڵاتانە هەژمار ناکرێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 18ـی ئاداری 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ یۆشیماسا هایاشی، وەزیری دەرەوەی ژاپۆن، دوایین پێشهاتە سەربازییەکانی جەنگ و لێکەوتە جیهانییەکانی تاووتوێ کرد.
 
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، عێراقچی جەختی کردووەتەوە، وڵاتەکەی بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن بەرامبەر "دەستدرێژییە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل."
 
عێراقچی لەو پەیوەندییەدا ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشە بەرپەرچدەرەوەکانی سوپای ئێران بۆ سەر ئەو بنکە و دامەزراوانەی ناوچەکە کە هێرشیان لێوە دەکرێتە سەر ئێران، "مافێکی رەوای بەرگرییە" و گوتی: "پێویستە ئەم هەنگاوانە بە هیچ شێوەیەک وەک هێرشی ئێران بۆ سەر ئەو وڵاتانە لێکنەدرێنەوە."
 
سەبارەت بە پەککەوتنی گەشتی دەریایی و داخستنی تەنگەی هورمز، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەی وەک دەرەنجامی ئەو جەنگە وەسف کرد کە واشنتن و تەلئەڤیڤ بەسەر ناوچەکەدا سەپاندوویانە. عێراقچی هۆشداریی دا کە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ راکێشانی وڵاتانی دیکە بۆ نێو جەنگ بە بیانووی کردنەوەی تەنگەی هورمز "تەڵەیەکی مەترسیدارە" و هەر بەشدارییەک بە واتای هاوبەشیکردن لە "تاوانە قێزەونەکان" دەبێت.
 
لە بەرامبەردا، وەزیری دەرەوەی ژاپۆن نیگەرانیی وڵاتەکەی لەبارەی لێکەوتە خراپەکانی ئەم جەنگە خستەڕوو و جەختی لەسەر پێویستیی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە رێگەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانەوە کردەوە.
 
جەنگی نێوان ئێران و بەرەی ئەمریکا و ئیسرائیل پێی ناوەتە سێیەم هەفتەیەوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە کە توانای مووشەکیی تاران بە رێژەی 90% دابەزیوە، هاوکات ئیسرائیل لە چەند رۆژی رابردوودا کوژرانی چەندین بەرپرسی باڵای ئێرانی راگەیاند، کە دیارترینیان عەلی لاریجانی بوو.
 
بەهۆی داخستنی تەنگەی هورمزەوە، نرخی نەوت بۆ سەرووی 100 دۆلار بەرزبووەتەوە؛ واشنتن گوشار دەخاتە سەر هاوپەیمانەکانی وەک ژاپۆن بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی دەریایی، بەڵام تاران دەیەوێت رێگری لە فراوانبوونی ئەو بەرەیە بکات. ژاپۆن کە پێشتریش چەندین جار رۆڵی نێوەندگیری لە نێوان تاران و واشنتن گێڕاوە، ئێستا لەبەردەم گوشارێکی گەورەی نێودەوڵەتیدایە بۆ یەکلاکردنەوەی هەڵوێستی لەم جەنگەدا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە