رووداو دیجیتاڵ
پیاوێکی تەمەن 48 ساڵی کورد، دوای 15 ساڵ لە هەڵاتنی بۆ هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی سێکسی بەرامبەر مێردمنداڵێک، لەکاتی گەڕانەوەی بۆ بەریتانیا دەستگیرکرا و سزای زیاتر لە پێنج ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی پۆلیسی بەریتانیا، پیاوەکە ناوی (ز. ع)ـە و لە ساڵی 2011دا لە شاری لیدز تاوانی دەستدرێژیی سێکسیی بەرامبەر کوڕێکی تەمەن خوار 18 ساڵ ئەنجامداوە. تۆمەتبارەکە دوای ئەنجامدانی تاوانەکە، بەریتانیای جێهێشتووە و بەرەو باشووری کوردستان هەڵاتووە.
دەزگا ئەمنییەکانی بەریتانیا ئاماژەیان بەوە کردووە، دوای چاودێریکردنێکی ورد، لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2023 کاتێک تۆمەتبارەکە ویستوویەتی لە رێگەی فڕۆکەخانەی بێرمینگهامەوە بگەڕێتەوە نێو خاکی بەریتانیا، دەستگیرکراوە.
لە کاتی دادگاییکردنی دا لە دادگەی لیدز، (ز. ع) دانی بە تاوانەکانیدا ناوە. دادگە جگە لە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی، تۆمەتی گرتنی وێنەی نەشیاوی منداڵانیشی بەسەردا ساخکردەوە و سزای 62 مانگ (5 ساڵ و دوو مانگ) زیندانیکردنی بۆ بڕییەوە.
پۆلیسی وێست یۆرکشایەر لەو بارەیەوە رایگەیاند: "ئەم پیاوە مەترسییەکی جیدی بوو بۆ سەر کۆمەڵگە." هەروەها پۆلیس ستایشی قوربانییەکەی کردووە کە دوای 14 ساڵ بێدەنگیی شکاندووە و بووەتە هۆی ئەوەی تاوانبارەکە بە سزای یاسایی خۆی بگات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ