رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆشدارییەکی تووند ئاراستەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات و دەڵێ، ئەگەر تا رۆژی چوارشەممە رێککەوتنی کۆتایی نەکرێ، ئاگربەستی نێوان هەردوولا درێژ ناکرێتەوە.
هەڕەشەی بژاردەی سەربازی
تڕەمپ لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتی ئاماژەی بەوە کرد، دەرفەتی دیپلۆماسی خەریکە بەسەر دەچێت. کاتێک پرسیاری لێکرا کە ئایا ئاگربەستە کاتییەکە درێژ دەکاتەوە؟ ترەمپ لە وەڵامدا گوتی: "رەنگە درێژی نەکەمەوە و ناچار دەبین دەست بکەینەوە بە بەکارهێنانی بۆمبەکان."
کێشەی یۆرانیۆم؛ مەرجێکی قورس
سەرۆکی ئەمریکا چاوی بڕیوەتە یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران و گوتی: "دەچینە نێو ئێران و یۆرانیۆمە پێتێنراوەکە دەبەین و دەیهێنینە ئەمریکا. ئەگەر ئەوە نەکەین، بە شێوەیەکی دیکە و زۆر تووندتر دەستی دەخەین."
داواکاریی ترەمپ تایبەت بە ئەتۆم لە لایەن بەرپرسانی باڵای ئێرانەوە رەتکراوەتەوە و بە مەرجێکی "ئەستەم" ناوی دەبەن، ئەمەش ئاسۆکانی رێککەوتنی لێڵ کردووە.
گومان لەسەر تەنگەی هورمز و شڵەژانی بازاڕەکان
سەرەڕای ئەوەی ترەمپ باسی لە هەبوونی پێشکەوتن لە پرسی کردنەوەی تەنگەی هورمز کردووە، داتاکانی کۆمپانیای "کێپلەر" و چاودێرانی بازاڕی وزە پێچەوانەکەی دەسەلمێنن.
ئامارەکان نیشانی دەدەن کە هێشتا کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووەکە دەترسن و زۆربەیان ئامێری شوێنپێهەڵگرتنیان دەکوژێننەوە یان ڕێرەوی خۆیان دەگۆڕن.
لە کاتێکدا ترەمپ دەڵێت "پێموایە ڕێککەوتنەکە دەکرێ"، بەڵام جیاوازییەکی گەورە لە نێوان گەشبینییەکانی کۆشکی سپی و دۆخی سەر زەوی هەیە. بازاڕەکانی وزەی جیهان بە ترسەوە چاوەڕێی کۆتاییهاتنی وادەی دیاریکراو دەکەن، چونکە شکستی دانوستاندنەکان دەبێتە هۆی هەڵگیرسانەوەی شەڕ و پەککەوتنی زیاتری هێڵەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی لە جیهاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ