رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، لە رێگەی نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە داراییە بیانییەکانەوە، سزای بەسەر حەوت فەرماندەی دیاری گرووپە چەکدارەکانی عێراقدا سەپاند. واشنتن ئەم فەرماندانە بە بەرپرسیار دەزانێت لە پلاندانان و جێبەجێکردنی هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و دامەزراوەکانیان لە عێراق.
سزادراوەکان، سەرکردایەتی گرووپەکانی نزیک لە ئێران دەکەن، لەوانە کەتائیبی حیزبوڵڵا، عەسائیبی ئەهلی حەق، بزووتنەوەی نوجەبا و کەتائیبی سەیدوشوهەدا.
ئەمریکا تۆمەتباریان دەکات بەوەی سامانی عێراق بۆ کاری تیرۆریستی بەکاردەهێنن و سەروەریی و پرۆسە دیموکراسییەکانی عێراق تێکدەدەن.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند: "ئێمە رێگە نادەین میلیشیا تیرۆریستەکانی عێراق کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن، هەڕەشە لە ژیانی ئەمریکییەکان یان بەرژەوەندییەکانمان بکەن. ئەوانەی هاوکاری تووندوتیژی ئەم میلیشیانە دەکەن، رووبەڕووی لێپرسینەوە دەبنەوە."
بەگوێرەی بڕیارەکە، هەموو سامانی ئەم حەوت فەرماندەیە لە ئەمریکا سڕدەکرێ و مامەڵەکردن لەگەڵیان لەلایەن هاووڵاتییان و کۆمپانیاکانی ئەمریکا قەدەخەیە؛ هەروەها ئەمریکا هۆشداری داوەتە بانکە بیانییەکان کە هەر جۆرە کارئاسانییەک بۆ ئەم کەسانە بکەن، ئەوانیش رووبەڕووی سزای تووند دەبنەوە.
ناوە دیارەکانی نێو لیستەکە بریتین لە
عەمار جاسم رەماحی، فەرماندە کەتائیبی حیزبوڵڵا
سەفا عەدنان سوەعید، فەرماندە لە عەسائیبی ئەهلی حەق
خالید جەمیل باختەرە، فەرماندە لە کەتائیبی سەیدوشوهەدا
هیشام هاشم جەیسوم، راهێنەری سەربازی لە نوجەبا
ئەم هەنگاوەی واشنتن لە کاتێکدایە، گرووپەکانی نزیک لە ئێران، لە مانگی ئاداری ئەم ساڵ بە درۆن چەندین هێرشیان کردە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و بەغدا، ئەوەش وەک پشتیوانییەک بۆ تاران کە لە 28ی شوباتەوە کەوتە بەر هێرشی هاوبەشی ئیسرائیل و ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ