رووداو دیجیتاڵ
کۆماری ئیسلامیی ئێران رۆژی شەممە (18ی نیسانی 2026) بە تووندی و بە زمانێکی پڕ لە تانە و تەشەر وەڵامی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دایەوە سەبارەت بە تەنگەی هورمز و رێککەوتنی نێوانیان.
باڵیۆزخانەی ئێران: مۆبایلەکەت بکوژێنەوە و نەتەنیاهوو بلۆک بکە
باڵیۆزخانەی ئێران لە زیمبابوێ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، بە شێوازێکی گاڵتەجاڕانە وەڵامی بانگەشەکانی ترەمپی دایەوە کە دوێنێ رایگەیاند، تاران رازی بووە تەنگەی هورمز بۆ هەمیشە بە کراوەیی بهێڵێتەوە.
باڵیۆزخانەکە بە چوار خاڵ رووی دەمی کردە ترەمپ و نووسیویەتی: "1. هەوڵ بدە زۆر دڵخۆش دەرنەکەویت، کەمێک هاوسەنگی خۆت بپارێزە. 2. هەرگیز بیر لە سیستمی نوێی یاسایی تەنگەی ئێران مەکەرەوە، چونکە ئێمە رێکی دەخەین. 3. مۆبایلەکەت بکوژێنەوە، ئارام بەرەوە، چی دیکە پۆست مەکە و بۆ هەفتەیەک بیبی (نەتەنیاهوو) بلۆک بکە. 4. شیوێکی سووک بخۆ و بە باشی بخەوە."
بانگەشەکانی ترەمپ و "تۆزی ئەتۆمی"
ئەم کاردانەوەیەی تاران دوای زنجیرەیەک پۆستی ترەمپ هات لە رۆژی هەینی، کە تێیدا رایگەیاند ئێران پابەند بووە بەوەی چی دیکە تەنگەی هورمز دانەخات و وەک چەک بەکاری نەهێنێت.
ترەمپ لە "ترووس سۆشیاڵ" نووسی: "ئەمە رۆژێکی مەزن و درەوشاوەیە بۆ جیهان؛" هەروەها ئاماژەی بەوەش کردبوو کە تاران رازی بووە "تۆزی ئەتۆمی" (یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی) رادەستی ئەمریکا بکات.
قالیباف: ترەمپ حەوت بانگەشەی ناڕاستی کردووە
لەلایەکی دیکەوە، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، بە تووندی رەخنەی لە ترەمپ گرت و تۆمەتباری کرد بەوەی "لە ماوەی یەک کاژێردا حەوت بانگەشەی درۆی کردووە."
قالیباف هۆشداری دا کە ئەگەر ئەمریکا بەردەوام بێت لە "کارە دووژمنکارییەکان"ی وەک گەمارۆی دەریایی، ئەوا بژاردەی داخستنی ئەو رێڕەوە ستراتیژییە لای ئێران وەک خۆی دەمێنێتەوە.
ئەم بەیانییەش ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیای ئێران رایگەیاند: "دوای ئەو رێککەوتنەی پێشتر لە دانوستاندنەکان دا کرابوو، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە نیازپاکییەوە رەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەوەی ژمارەیەک کەشتی نەوتهەڵگر و کەشتی بازرگانی بە شێوەیەکی سنووردار بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕن، بەڵام بەداخەوە ئەمریکییەکان بە دووبارەبوونەوەی پێشێلکردنی بەڵێنەکانیان بەردەوامن لە کاری چەتەی دەریایی."
ئەم کێشە و ململانێیە لە کاتێکدایە کە ترەمپ لە پۆستێکی دیکەدا جەختی کردەوە گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی رێککەوتنێکی ئاشتیی تەواوەتی واژۆ دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ