بەهۆی ئابڵووقەی سەر 'دەمارە سوورەکەی' چین سووتەمەنی لە پەکین گرانبووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
مەهدی فەرەج
مەهدی فەرەج
تەنگەی هورمز بۆ چین تەنیا رێگایەکی ئاوی نییە، بەڵکو "دەمارە سوورەکەی" وزەیە.
تەنگەی هورمز بۆ چین تەنیا رێگایەکی ئاوی نییە، بەڵکو "دەمارە سوورەکەی" وزەیە.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 
 
تەنگەی هورمز بۆ چین تەنیا رێگایەکی ئاوی نییە، بەڵکو "دەمارە سوورەکەی" وزەیە.
 
چین گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێران و ناوچەکەیە کە رۆژانە زیاتر لە 5 ملیۆن بەرمیل بوو. ئابڵووقەی دەریایی ئەمریکا واتە بڕینی "خوێنی" کارگەکانی چین.
 
لیو چینگ، خاوەنی دووکانی پەردەیە و دەڵێت: "نرخی کەرەستەی خاو نزیکەی 10% بۆ 25% بەرزبووەتەوە، لەبەر ئەوە نرخی فرۆشمان بەرز بووەتەوە. ئێستا ئابووری خۆی زۆر باش نییە، بۆیە بە دڵنیاییەوە کاریگەری نەرێنی لەسەر بازرگانییەکەمان داناوە."
 
چین پاڵپشتی و داوای ئاگربەستی هەمیشەیی دەکات و دژی ئابڵووقەی تاکلایەنەیە و خوازیاری پاراستنی ئاسایشی دەریاوانیی و وزەیە.
 
وەزارەتی دەرەوەی چین بە رووداوی راگەیاند: "زیادبوونی جێگیرکردنی سەربازی و گەمارۆی ئامانجدار لەلایەن ئەمریکاوە تەنیا ململانێ و گرژییەکان تووندتر دەکات، ئاگربەستەکە تێکدەدات و کاریگەریی زیاتر لەسەر سەلامەتی هاتووچۆ بە تەنگەکەدا دەبێت، کە مەترسیدار و نابەرپرسیارانەیە. چین داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات پابەندی ئاگربەست بن و لە زووترین کاتدا هاتووچۆ لە تەنگەکە ئاسایی بکەنەو."
 
کاریگەرییەکان لە نێوخۆی چین بەدی دەکرێن، لیترێک سووتەمەنی نزیکەی 3 یوان گرانتر بووە.
 
لەهەمانکاتدا کۆمپانیا نەوتیە گەورەکانی وەک "سینۆپێک" و "پترۆچاینە" پاڵاوتنیان بە رێژەی 10٪  کەمکردۆتەوە. 
 
نی وێن شوان، ستافی کۆمپانیای بیمە دەڵێت: "هەڵسوکەوتی ئێستای ئەمریکا بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت. ساڵی رابردوو لە سەری ساڵی چینیدا 6 یوان بوو بۆ هەر لیترێک، بەڵام ئێستا نزیکەی 9 یوانە، ئەمەش بارگرانییەکی گەورەی بەسەر ژیانماندا هێناوە. بەڵام دۆخی چین ئێستا ئەوەندە خراپ نییە چونکە بازاڕی کارەبا لە چین زۆر باشە. بەڵام بۆ زۆرێک لە وڵاتانی دیکە زۆر خراپە. شەڕ بۆ هەموومان باش نییە، دونیاش پێویستی بە ئاشتی هەیە."
 
هیچ دوورییەک نییە، کاتێک شەڕ و ئابڵووقە و گرژی  لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لە تەنگەی هورمز بێت، ئەوا گڵۆپی سوور بۆ پیشەسازی و بازرگانی و گیرفانی تاکی چینی لە دووری 7 هەزار کیلۆمەتر هەڵدەکرێت.
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە