کەشتییەکی سەربازیی مەکسیکی خۆی بە پردێکی ئەمریکادا کێشا

18-05-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

کەشتییەکی هێزی دەریایی مەکسیکی، خۆی کێشا بە پردی بروکلینی شاری نیویۆڕکی ئەمریکا، بەو هۆیەوە دوو کەس گیانیان لە دەستدا و لانیکەم 20ی دیکەش بریندار بوون.
 
ئێریک ئادەمز، سەرۆکی شارەوانیی نیویۆرک رایگەیاند، رووداوەکە شەوی شەممە، 17ـی ئایاری 2025 روویداوە. ڤیدیۆی ساتی رووداوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە و کۆڵەکەی کەشتییەکە بەر بنمیچی پردەکە دەردەکەوێت و خەڵک لەنزیک شوێنەکە هەڵدێن.
 
هەر لەدوای رووداوەکە، هێزی دەریایی مەکسیک رایگەیاند، کەشتییەکە 277 کەسی تێدا بووە و 22 کەس لەناو کەشتییەکەدا بریندار بوون، 20یان برینەکانیان سووکە و لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن و سێ کەسەکەی دیکەیان برینەکانیان سەختە و دواتر گیانلەدەستدانی دووانیان راگەیێندرا. 
 
بەرپرسانی شاری نیویۆڕک ئاماژەیان بەوە داوە، رەنگە کێشەی تەکنیکی هۆکاری رووداوەکە بووبێت، بەڵام هێشتا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن، بەڵام پردەکە زیانی پێنەگەیشتووە و هاتووچۆ بە هەردوو ئاراستەی پردەکە ئاساییە.
 
پردی بروکلین، پردێکی بەناوبانگی نیویۆڕکە و رێڕەوێکی سەرەکییە لەنێوان ناوچەی مانهاتن و بروکلین، لە ساڵی 1883 دروستکراوە و و ئەوکات بە گەورەترین پرد لە جیهاندا ناسراوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسانی شاری نیویۆڕک، ئەو کەشتییە بەمەبەستی راهێنان چووەتە ئەمریکا و لەوێشەوە بەنیاز بوو بەرەو ئایسلاند بڕوات، بەڵام کاتێک خۆی کێشاوە بە پردەکەدا کارەبای کەشتییەکە کوژاوەتەوە و کەشتییەکەیش نزیکبووەتەوە لەوەی خۆی بە بەندەری بروکلیندا بکێشێت. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە