سەرۆکی ئەمریکا: هیچ نەرمییەک بەرامبەر ئێران نانوێنم

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئامادە نییە هیچ جۆرە نەرمییەک یان ئیمتیازێک بەرامبەر تاران بنوێنێت؛ ئەمەش دوای وەرگرتنی نوێترین وەڵامی ئێران بۆ دانوستاندنەکانی ئاشتی کە بە گوتەی واشنتن "نائومێدکەر" بووە.
 
رۆژی دووشەممە، 18ی ئایاری 2026، دۆناڵد تره‌مپ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی نیویۆرک پۆستی ئەمریکی، پەیامێکی هەڕەشەئامێزی ئاراستەی تاران کرد و گوتی: "ئێرانییەکان بە باشی دەزانن بەمزووانە چی روو دەدات." ئەم لێدوانەی سەرۆکی ئەمریکا وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی گورزە سەربازییەکان دەبینرێت، ئەگەر ئێران لەگەڵی رێکنەکەوێت.
 
تره‌مپ بە تەواوەتی دەرگای بە رووی پێشنیازە دیپلۆماسییەکەی رۆژی یەکشەممەی ئێراندا داخست. کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە لێدوانەکەی رۆژی هەینی کە گوتبووی رەنگە راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەی 20 ساڵ قبوڵ بکات، تره‌مپ گوتی: "ئێستا بۆ هیچ شتێک کراوە نیم (ئامادەی قبوڵکردنی هیچ پێشنیازێکی ئێران نیم)، کارەساتێکی گەورە خەریکە روودەدات."
 
سەرۆکی ئەمریکا دوای گەڕانەوەی لە گەشتە خێراکەی بۆ چین، تەواوی کۆتایی هەفتەی لە یانەی گۆڵفەکەی لە ڤێرجینیا لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی بەسەر برد بۆ داڕشتنی هەنگاوەکانی داهاتوو بەرامبەر بە ئێران. 
 
بەگوێرەی دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکی کە قسەیان بۆ ئەکسیۆس کردووە، چاوەڕوان دەکرێت رۆژی سێشەممە کۆبوونەوەی زیاتر بکرێت، لە کاتێکدا هاوپەیمانەکانی، لەوانە سیناتۆر لیندسی گراهام گوشارێکی زۆر دەخەنە سەر تره‌مپ تاوەکو لەبەر بنبەستی دیپلۆماسی، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەستپێبکاتەوە.
 
تره‌مپ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو لە تاران "بێزار" نییە، بەڵام دڵنیایە کە ئێران دەزانێت ویلایەتە یەکگرتوەکان دەتوانێت ئازاری زیاتریان پێ بگەیەنێت. سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "دەتوانم پێت بڵێم ئەوان زیاتر لە هەر کاتێک دەیانەوێت رێککەوتن بکەن، چونکە دەزانن بەم زووانە چی روو دەدات."
 
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی دەڵێن ئێران دەیەوێت کات بکوژێت تاوەکو گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر پرسی ئەتۆمی و کردنەوەی تەنگەی هورمز کەم ببنەوە، تره‌مپ دەڵێت: "من گوێم لە هیچ شتێک نییە و ناتوانم باسی بکەم. ئەمە دانوستاندنە، من نامەوێت گەمژە بم."
 
 هەر ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، کە لەو دانوستاندنانەی لە ئیسلام ئاباد دەکرێن، هێشتا جیاوازیی قووڵ و بنەڕەتی لە نێوان پێشنیازەکانی ئێران و ئەمریکادا هەیە.
 
بەپێی راپۆرتەکەی تەسنیم، "پێشنیازەکانی ئەمریکا لە زۆر بواردا بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران قبووڵکراو نین، بەتایبەتی لەو بڕگانەی پەیوەندییان بە مافە رەواکانی ئێرانەوە هەیە بۆ بەرگریکردن لە خۆی و هەبوونی تەکنەلۆژیای ئەتۆمیی ئاشتیانە."
 
سەرچاوەکە روونیکردووەتەوە کە ئەمریکا هەوڵدەدات مەرجی وەها بسەپێنێت کە سەروەریی ئێران پێشێل دەکات و گوتی: "ئێمە بە روونی بە لایەنی بەرامبەرمان گوتووە کە ئێران ئامادە نییە لەسەر هێڵە سوورەکانی خۆی سازش بکات. مەرجەکانی ئەمریکا سەبارەت بە گەرووی هورمز و کەمکردنەوەی توانای بەرگریمان، بە تەواوی رەتدەکرێنەوە."
 
هەروەها ئاژانسەکە لە زاری هەمان سەرچاوەوە باسی لەوە کردووە کە ئێران بەردەوام دەبێت لەسەر مەرجەکانی خۆی، لەوانەش "دەستەبەرکردنی قەرەبووی زیانەکان، هەڵگرتنی تەواوەتیی سزاکان و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە"، وەک مەرجی پێشوەختە بۆ هەر رێککەوتنێکی کۆتایی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە