رووداو دیجیتاڵ
کۆریای باکوور رۆژی پێنجشەممە سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران کرد و هۆشداریی لە "هەڵگیرسانی ئاگری جەنگ" دا.
رۆژی پێنجشەممە، 19ـی حوزەیرانی 2025، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور بە ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند: "کۆریای باکوور نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی هێرشە سەربازییەکەی ئیسرائیلەوە دەردەبڕێت و بە تووندی سەرکۆنەی دەکات".
ئەو گوتەبێژە ئاماژەی بەوەش کردووە، کوشتنی هاووڵاتییانی سڤیل لەلایەن ئیسرائیلەوە "تاوانێکی قبووڵنەکراوە دژی مرۆڤایەتییە"
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور دەشڵێت: "ئەم کردەوە نایاساییەی تیرۆری دەوڵەتی لەلایەن ئیسرائیلەوە، مەترسیی جەنگێکی نوێی سەرتاسەری لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاد دەکات."
ئەم هەڵوێستەی کۆریای باکوور لە حەوتەمین رۆژی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا دێت، کە تێیدا هەردوو وڵات رووبەڕووی شەپۆلی نوێی هێرشی مووشەکی بوونەتەوە.
ئیسرائیل رایگەیاندووە، چەندین ئامانجی ستراتیژی لەنێوخۆی ئێراندا کردووەتە ئامانج، لەنێویاندا "بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئێران" و دامەزراوەکانی پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی. لە بەرامبەردا، ئێران چەندین جار بە مووشەک وەڵامی داوەتەوە و هۆشداریی تووندی داوەتە ئەمریکا لەبارەی دەستێوەردانی سەربازییەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ