وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: ئەمریکا ئامادەیی و توانای خۆی لە چاودێریکردنی کەنداو زیاد دەکات

19-07-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، وڵاتەکەی بە لەبەرچاوگرتنی "هەڕەشە بەردەوامەکانی ئێران لە ناوچەکەدا،" توانای خۆی بۆ چاودێریکردنی کەنداو زیاتر دەکات و داوا لە رووسیاش دەکات چالاکییە سەربازییەکانی لە ئاسمانی سووریادا رابگرێت.
 
رۆژی سێشەممە، 18ـی تەممووزی 2023، ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا لە وەڵامی دیاری کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن، باسی لە ناردنی فڕۆکەی جەنگی و چەکی زیاتر بۆ گەرووی هوورمز کرد و رایگەیاند، ئەمریکا هێزی خۆی لە گەرووەکە و ئاوەکانی دەورووبەری زیاتر دەکات. 
 
میلەر لە وەڵامی پرسیاری رووداودا، داوای لە ئێران کرد جموجووڵەکانی لە گەرووی هوورمز بووەستێنێت و نەبێتە "هەڕەشە" لەسەر ئەو گەرووە بازرگانییە ستراتیجییە کە شوێنی تێپەڕینی یەک لەسەر پێنجی کۆی هەناردەی نەوتی جیهانە.
 
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە، 17ـی تەممووزی 2023، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، ژمارەیەک فڕۆکەی دیکەی جەنگی لە جۆرەکانی ئێف-16 و ئێف-35 رەوانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات، ئەمەش بەپێی وەزارەتەکە بۆ بەرگریکردنە لە "بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا" و "دڵنیابوون لە ئازادیی دەریاگەری."
 
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی رووداودا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لە مامەڵەی ئەمریکا لەگەڵ جموجووڵی ئاسمانیی هێزەکانی رووسیا لە سووریا کرد و بە "رەفتارێکی زۆر بێباکانە" ناوی برد. میلەر بە دیار کوردەی گوت، "پێداگرانە داوا لە هێزەکانی رووسیا لە سووریا دەکەین، رەفتاری بێباکانە و هەڕەشەئامێزی خۆیان بووەستێنن."
 
ئەمریکا نزیکەی 900 سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە
 
ژمارەیەک بەرپرسی باڵای پێنتاگۆن بە میدیای ئەمریکییان گوتووە، جموجووڵەکانی هێزە رووسییەکان کە پشتیوانی لە بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا دەکەن دژی ئەمریکا زیادیانکردووە. 
 
هەفتەی رابردوو، بە گوێرەی بەرپرسێکی باڵای بەرگریی ئەمریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، گوتی، هێزەکانی رووسیا لە رێگەی فڕۆکەوە، سیخوڕییان بەسەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە سووریا کردووە، کە پێنتاگۆن دەڵێت ئەوە "ناپیشەگەرانەیە."
 
هەر لە هەمان هەفتەدا، فڕۆکەیەکی دیکەی رووسیا بەسەر بنکەی سەربازی تەنف کە سەربازانی ئەمریکیی تێدایە، سووڕایەوە، لە کاتێکدا کە ئەمریکا هیچ فڕۆکەیەکی لەوێ نەبوو بۆ ئەوەی دەستبەجێ وەڵامی بداتەوە، بەڵام "بەشێوەی زارەکی" ناڕەزایەتیی خۆی پێ گەیاند. 
 
دیار کوردە لە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای پرسی کە ئەگەر ئەوان پێیان وابێت ئەم رووداوانە پەیوەندییان بە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینای هاوپەیمانی واشنتنەوە هەیە، لە وەڵامدا گوتی، "بێگومان من قسە لەسەر پاڵنەرەکانی رووسیا ناکەم، بەڵام تەنیا دەڵێم کە ئەوە رەفتارێکی زۆر بێباکانەیە و لە روانگەی ئێمەوە پێویستە دەستبەجێ بوەستێنرێت."
 
دەقی پرسیار و وەڵامەکان:
 
رووداو: لەبارەی سووریا، رووسیا چالاکییەکانی لە ئاسمانی سووریا زیادکردووە. ئەمە کێشەی بۆ هێرشەکانی ئێوەش دژی داعش لە سووریا دروستکردووە؟ ئێوە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە لە سووریا دەکەن، هەروەها هیچ لینکێکی پەیوەندیتان لەگەڵ سوپای رووسیا لە سووریادا هەیە؟ 
 
ماتیو میلەر: من دەڵێم، ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەردەوامن لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشە خۆجێیەکانمان لە سووریا بۆ ئەوەی گوشار لەسەر پاشماوەکانی داعش بهێڵنەوە و دڵنیا بنەوە لە بەزاندنی بەردەوامی داعش. وەزارەتی بەرگری لەسەر ئەمە و چەندین پرسی دیکە قسەی کردووە و منیش جەخت لە گوتەکانی ئەوان دەکەمەوە، کە ئەویش ئەوەیە ئێمە پێداگرانە داوا لە هێزەکانی رووسیا لە سووریا دەکەن، رەفتاری بێباکانە و هەڕەشەئامێزی خۆیان بووەستێنن کە دەکرێت ببێتە هۆی رووداوێک و زیانی گیانی. دەبێت ئەوان پابەند بن بە ستانداردی رەفتاری هێزە پیشەگەرەکان. بۆ هەر زانیارییەکی دیکە دەتانگەڕێنمەوە بۆ لای پێنتاگۆن لەسەر ئەو بابەتە.
 
رووداو: بۆچی رووسیا لەم کاتەدا ئەمە دەکات،؟ پێت وایە ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بە شەڕی رووسیا لە ئۆکرانیا هەبێت؟ 

 

ماتیو میلەر: بێگومان من قسە لەسەر پاڵنەرەکانی رووسیا ناکەم، بەڵام تەنیا دەڵێم کە ئەوە رەفتارێکی زۆر بێباکانەیە و لە روانگەی ئێمەوە پێویستە دەستبەجێ بووەستێنرێت.
 
رووداو: پرسیارێکیش لەبارەی ئێران. دوێنێ واشنتن رایگەیاند کە فڕۆکە و چەکی دیکە رەوانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەن بۆ رووبەرووبوونەوەی چالاکییەکانی ئێران لە کەنداو. لەهەمان کاتدا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداری بە واشنتن دا و گوتی، زیادکردنی ئامادەیی سەربازی واشنتن لە کەنداو رەنگە ببێتە هۆکاری ناسەقامگیری؛ گوتیشی تاران هەموو مافێکی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ بەرگریکردن لەخۆی دژی چالاکییە نایاسایی و دنەدانەکانی ئەمریکا لە نزیک سنوورەکانی. پرسیارەکەم ئەوەیە ئێوە چۆن سەیری ئەم هۆشدارییەی ئێران دەکەن؟ هەروەها ئەگەر ئێران لەم چالاکیانەی بەردەوام بێت کە هیچ ئاماژەیەک نییە بەردەوام نەبێت، ئێوە ئەو کەرەستە سەربازیانە دژی ئێران بەکاردەهێنن؟
 
ماتیو میلەر: لە ژێر رۆشنایی ئەم هەڕەشە بەردەوامەدا و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان، وەزارەتی بەرگری ئامادەیی و توانای خۆی بۆ چاودێریکردنی گەرووەکە و ئاوەکانی دەوروبەری زیاددەکات. ئێمە داوا لە ئێران دەکەین دەستبەجێ ئەم چالاکییە تێکدەرانە بووەستێنێت کە بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر بەڕێوەچوونی ئازادانەی بازرگانی بەنێو رێڕەوە ئاوییە ستراتیجییەکەدا کە جیهان بۆ یەک لەسەر پێنجی هاوردەی نەوت پشتی پێ دەبەستێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە