رووداو دیجیتاڵ
ئێرلەندا وڵاتێکە لەسەرووی بەریتانیا و خاوەنی مێژوویەکی چەندین هەزار ساڵە. ئێرلەندییەکان زۆر شتیان لە خەڵکی دیکەی جیهان جیاوازە. لەو وڵاتە تۆپی پێ یەکەمین یاریی وەرزشی نییە کە خەڵک حەزی لێبکات. ئێرلەندییەکان یارییەکیان هەیە بەناوی "هەرلینگ" کە رێسا و یاسای جیاواز لە تۆپی پێی هەیە.
یەکێکە لە قارەمانەکانی ئەو یارییەی ئێرلەندییەکان، کوردە. زمناکۆ مورادی کە لەوێ بە "زاک مورادی" دەیناسن، زیاتر لە 20 ساڵە لەگەڵ ماڵباتەکەی لە ئێرلەندا دەژین. جگە لەوەی وەرزشکارێکی ناسراو و خۆشەویستە، بەمدواییانە کتێبێکیشی بە ئینگلیزی چاپ و بڵاوبووەتەوە و بووەتە پڕفرۆشترین کتێبی ساڵ لەو وڵاتەدا. پۆدکاستیشی هەیە لەسەر کوردستان کە نیو ملیۆن گوێگری هەبووە.
زمناکۆ موردای میوانی دیاسپۆرا بوو و راگەیاند، ئەو لەدایکبووی شاری سەرپێلی زەهاوە لە کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان و لە تەمەنی 11 ساڵیدا لەگەڵ خانەوادەکەی چوونەتە ئێرلەندا، لەوێ لە پارێزگای کاونتی لێترن دەبێتە یاریزانی هەرلینگ و دوای دوو ساڵ یاریکردن، لەوێ کارامەییەکانی دەردەکەون.
زمناکۆ دەڵێت، "خانەوادەکەمان چوونە دوبلنی پایتەختی ئێرلەندا و لەوێ نیشتەجێ بووین، من لە یانەی تایمز دێڤز وەرگیرام و ماوەیەک یاریم بۆ ئەو یانەیە کرد تاوەکو تەمەنم بووە 18 ساڵ، دواتر لە پارێزگای لیترن بانگهێشت کرام بۆئەوەی یاری بۆ هەڵبژاردەی ئەو پارێزگایە بکەم و ماوەی 10 ساڵ لەوێ یارییم کرد و ناوبانگێکی زۆرم بەدەستهێنا، تەنانەت لە ساڵی 2016 خەڵاتی ئۆڵد ستار وەکو باشترین یاریزانی ئەو پارێزگایەم لە یاریی هەرلینگ پێبەخشرا و ناوبانگەکەم زیاتر بوو و هەوادارێکی زۆرم پەیداکرد، دواتر گەڕامەوە دوبلن و لەوێ درێژەم بە یاریکردن دا و لە ساڵی 2022 لە پارێزگای تالا خەڵاتی باشترین یاریزانی ساڵم پێبخشرا لە یاریی هەرلینگ".
ئێستا زمناکۆ کە لە لایەن ئێرلەندییەکان ناسراوە بە زاک مورادی، وەکو ئەستێرەیەکی یاریی "هەرلینگ" راهێنان بە دەیان لاوی تەمەن 14 و15 ساڵان دەکات و فێری یارییەکەیان دەکات.
زمناکۆ جگە لە یاریکردن، پۆدکاستیشی هەیە، لەوبارەوە دەڵێت، "لە هەفتەیەکدا چوار رۆژ پشووم هەیە و لەو ماوەیەدا لە هەموو کەناڵ و رادیۆکانی ئێرلەندا پۆدکاستی لەسەر کورد و کوردستان کردووە کە ژمارەیان نزیکەی 70 پۆدکاست دەبێت و بەردەوامیشم، چونکە من لەوێ هەستم کرد ئێرلەندییەکان زانیارییان لەسەر کورد و کوردستان نەبوو، بۆیە بڕیارم دا جگە لە یارییکردن، پێگەی خۆم وەکو یاریزان و ناوبانگەکەم بخەمە خزمەتی دۆزی نەتەوەکەم و بەردەوامیش دەبم".
زاک مۆرادی، کتێبێکیشی لەبارەی ژیانی خانەوادەکەی نووسیوە و چیرۆکی ناخۆشی و ماڵوێرانی و دەربەردەریی خانەوادەکەی دەگێڕێتەوە، لەگەڵیشیدا هەموو ئەو تاوانانەی دژی نەتەوەکەی کراون لە رۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها لە باشووری کوردستان وەکو ئەنفال و کیمیاباران و جینۆساید تێیدا دەگێڕێتەوە.
ئەو هاونیشتمانییە لەبارەی کتێبەکەی باسی لەوە کرد، "دوای ئەوەی بە پۆدکاست بەردەوام بووم لەسەر ناساندنی کورد و کوردستان بە ئێرلەندییەکان، بیرم کردەوە لە رێگەی کتێبێکەوە لەسەر ژیانی خۆم کە وەکو یاریزانێکی ناسراو باسی ژیانی خۆم بکە کە چۆن گەیشتوومەتە ئێرلەندا، لەگەڵیدا هەموو ئەو ناخۆشی و ستەمانە باس بکەم کەبەر نەتەوەکەم و وڵاتەکەمدا هاتوون، بۆیە ساڵی رابردوو توانیم کتێبەکەم بە ناوی (زاک مۆرادی فرۆم کوردستان تو کرۆک پارک) بڵاوبکەمەوە بە زمانی ئینگلیزی و تەنیا لە ماوەی 12 مانگدا زیاتر لە 15 هەزار دانەی لێفرۆشرا و بووە پڕفرۆشترین کتێب لە ساڵی 2022 و تەنانەت تاوەکو ئێستاش".
زمانکۆ روونیکردەوە، دەیەوێت یاریی "هارلینگ" بباتە کوردستان و هەوڵدەدات لە ماوەیەکی نزیکدا هەوڵ بۆ کردنەوەی کەمپێکی وەرزشی یاریی "هارلینگ" لە هەڵەبجە دەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ