رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی خاچی سووری ئیتاڵیا بە رووداوی راگەیاند، تەنیا رۆژی چوارشەممە، 534 کۆچبەر گەیشتنە دوورگەی لامپێدوزا. ئەمساڵیش تاوەکو ئێستا زیاتر لە 31 هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە دوورگەکە.
رۆژی پێنجشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2025، تیمی راگەیاندنی خاچی سووری ئیتاڵیا لە وەڵامی ئیمەیڵێکی نیاز مستەفا، ئیدتۆر لە بەشی نێودەوڵەتیی تۆڕی میدیایی رووداو دا رایگەیاند، دوێنێ "534 کۆچبەر کە خەڵکی ژمارەیەک وڵاتی جیاواز بوون، گەیشتنە دوورگەی لامپێدوزا".
دوورگەکە 815.53 کیلۆمەتر لە نزیکترین خاکی ئیتاڵیاوە و 296.66 کیلۆمەتر لە سنووری لیبیاوە دوورە.
رێکخراوەکە راشیگەیاند، ئەم ساڵ زیاتر لە 31 هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە دوورگەکە، کە ئەمەش نزیکە لە هەمان ژمارەی پار.
تیمی راگەیاندنی خاچی سووری ئیتاڵیا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کۆچبەرانەی دەگەنە ئەو ناوچەیە "پاڵپشتییان دەکەین لەڕێگەی دابینکردنی پێویستییەکانیان، پاڵپشتیی دەروونی و شتی دیکە".
دوێنێ رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ بڵاویکردەوە، رۆژی یەکشەممە بەلەمێکی کۆچبەران لە رۆژهەڵاتی کەناراوەکانی لیبیا ئاگری گرت و بەهۆیەوە لانیکەم 50 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا کە سەرجەمیان سوودانی بوون.
بەگوێرەی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، توانیویانە 24 کۆچبەر لەوانەی لە بەلەمەکەدا بوون رزگاربکەن. رێکخراوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە رێکاری پێویست بۆ رێگری لەو "رووداوە تراژیدییانە" بگیرێتەبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ