جیهان
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی دەکات لە سەنتەری نیشتمانیی کۆنترۆڵکردنی بەرگری لە مۆسکۆ، 17-12-2025. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە لێدوانێکی توونددا سەرکردەکانی وڵاتانی ئەورووپا بە "بەچکە بەراز" ناو دەبات و دەڵێت، "ئەوان دەیانویست سوود لە رووخانی رووسیا وەربگرن."
ئەم قسەیەی پووتین پێش کۆبوونەوەی چارەنووسساز و گرنگی سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا هات لەسەر دابینکردنی بودجە بۆ ئۆکراینا.
پووتین رایگەیاند، ئەورووپا دەیەوێت "ئەوەی لە قۆناخە مێژووییەکانی رابردوودا لەدەستی داوە، بەدەستی بهێنێتەوە و تۆڵە لە رووسیا بکاتەوە."
پووتین لە گوتارێکدا لە کۆبوونەوەی ساڵانەی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی "بە مەبەست" جەنگی ئۆکراینای هەڵگیرساندووە و گوتیشی: "بەچکە بەرازەکانی ئەورووپا دەستبەجێ پاڵپشتیی ئەمریکایان کرد."
رووسیا لە شوباتی 2022، بە ناونیشانی "ئۆپەراسیۆنی تایبەتی سەربازی بۆ رزگارکردنی دۆنباس" هێرشی کردە سەر ئۆکراینا. لەو کاتەوە، مۆسکۆ رووبەڕووی سزای تووندی رۆژئاوا و گۆشەگیریی دیپلۆماسی بووەتەوە.
سەرۆکی رووسیا گوتی: "رووسیا سەقامگیریی خۆی لە بواری ئابووری، دارایی، دۆخی سیاسیی نێوخۆی کۆمەڵگە و لە بواری توانای بەرگریدا سەلماندووە."
هەروەها پووتین ئاماژەی بەوە کرد کە رووسیا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەورووپا ئامادەیە، بەڵام "ئەوە لەگەڵ ئەم سیاسەتڤانانەی ئێستای ئەورووپا ناکرێت."
رووسیا بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و ئەو پێشنیازانەی ئاشتیی رەتکردوونەتەوە کە داوای کشانەوە لە خاکی ئۆکراینا دەکەن.
کیێڤ و هاوپەیمانانیشی رووسیا تۆمەتبار دەکەن بەوەی گفتوگۆکان وەک کارتێکی گوشار بەکاردەهێنێت نەک بۆ دیپلۆماسییەکی راستگۆیانە.
بڕیارە بەرپرسانی ئەمریکا و رووسیا رۆژی یەکشەممە لە شاری مەیامی کۆببنەوە، ئەوەش وەکو بەشێک لە هەوڵەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ کە نزیکەی چوار ساڵە لە نێوان کیێڤ و مۆسکۆ بەردەوامە.
پووتین ستایشی سوپای رووسیای کرد و گوتی "هیچ کەس لە جیهاندا" سوپایەکی باشی وەک رووسیای نییە و ئێستا سوپاکەیان "خاوەن ئەزموونی جەنگە."
مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ هەفتەی رابردوو هۆشداریدا کە دەبێت وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانێتییەکە ئامادەکاریی زیاتر بۆ ئەگەری جەنگێکی فراوان بکەن و رەنگە رووسیا لە ماوەی پێنج ساڵدا ئامادە بێت بۆ هێرشکردن.
بەپێی میدیای رووسیا، دیمیتری مێدڤێدێڤ، سەرۆکی پێشووی رووسیا کە ئێستا جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیایە، ساڵی 2022 لە کەناڵی تەلەگەرامی خۆی دەستەواژەی "بەچکە بەرازەکان"ی بۆ وەسفکردنی سەرکردەکانی رۆژئاوا بەکارهێنابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ