رووداو دیجیتاڵ
بەپێی یاسایەکی نوێ کە پەرلەمانی بەریتانیا پەسندی کردووە، ئەو کۆچبەرانەی لە ساڵی 2022 چوونەتە وڵاتەکە، رەوانەی رواندا دەکرێت و تاوەکو کەیسەکەی یەکلایی دەبێتەوە و دادگەکانیش ناتوانن تانە لە هەنگاوەکەی حکومەت بدەن لەسەر ئەو پرسە، لە کاتێکدا دادگەی باڵای ئەوروپا پێشووتر ئەو هەنگاوی بە "نایاسایی" ناوبردبوو.
بە گوێرەی ئاماری حکومەتی بەریتانیا، لە 11 مانگی ساڵی 2023، 27 هەزار و 284 کۆچبەر بە بەلەم خۆیان گەیاندووەتە نێو خاکی بەریتانیا، ئەمەش لەکاتێکدایە، ساڵی 2022، زیاتر لە 45 هەزار کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیزەوە چووبوونە بەریتانیاوە.
بەپێی ئەو یاسایەی کە کۆچبەران رەوانەی رواندا دەکات، هەر کەسێک لە ساڵی 2022ـەوە چووبێتە بەریتانیا، بۆ ماوەی پێنج ساڵ دەنێردرێتە رواندا تاوەکو داواکاریی پەنابەرێتێیەکەی یەکلایی دەبێتەوە کە ئایا دەتوانێت مافی مانەوە لە بەریتانیا وەربگرێت یاخود نا.
حکومەتی رواندا بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ بەریتانیا رێککەوتووە، رواندا دەڵێت، ئەو پەنابەرانەی بەریتانیا مافی مانەوەیان پێنادات، دەتوانن لە وڵاتەکەیان داوای مافی بەنابەرێتی بکەن یان وڵاتەکە جێبهێڵن.
پێشتر دادگای باڵای ئەوروپا یاسای ئەو پلانەی حکومەتی بەریتانیا بۆ رەوانەکردنی کۆچبەران بۆ رواندا بە نایاسایی دانابوو. بەپێی ئەو یاسا نوێیەی پەرلەمانی بەریتانیا پەسندیکردووە، دادگاکان چیدیکە ناتوانن بڕیارەکە بە نایاسایی دابنێن و دەبێت دوای تێپەڕینی بە ئەنجوومەنی لۆردانی بەریتانیادا، جێبەجێ بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ