رووداو دیجیتاڵ
سیناتۆرێکی ناسراوی ئەمریکی رۆژی یەکشەممە بە کاتی ئەمریکا و بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە بە کاتی هەولێر نیگەرانی و گومانی خۆی لەبارەی رێککەوتنی نوێی ئاگربەستی نێوان حکومەتی راگوزەری سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەربڕی و هۆشداریدا کە واشنتن هێشتا زانیاریی وردی لەبارەی رێککەوتنەکەوە پێنەگەیشتووە.
لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆماری و کەسایەتیی نزیک لە ترەمپ رایگەیاند، نە خۆی و نە هیچ سیناتۆرێکی دیکە کە ئەو ئاگادار بێ، وردەکاریی تەواویان بەدەست نەگەیشتووە لەبارەی ئەو رێککەوتنەی رۆژی یەکشەممە، 18ـی کانوونی دووەم و دوای چەندین رۆژ لە پێکدادانی قورس لە نێوان هەسەدە و دیمەشق راگەیێندرا.
گراهام لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "هیوادارم پڕ بێت لە بەڵێنی هیوابەخش و گۆڕانکاریی گەورە دروست بکات، بەڵام نیگەرانی و پرسیارم هەیە."
رێککەوتنە 14 خاڵییەکە داوای کشانەوەی هێزەکانی هەسەدە لە پارێزگا سەرەکییەکانی وەک رەققە و دێرەزوور و تێکەڵکردنی تەواوەتیی شەڕڤانانی هەسەدە بە شێوەی تاکەکەسی و دوای وردبینیی ئەمنی بۆ نێو وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی سووریا دەکات.
رێککەوتنەکە هەروەها کۆنترۆڵی کێڵگە نەوتی و گازییەکان، دەروازە سنوورییەکان و زیندانە سەرەکییەکانی گومانلێکراوانی داعش رادەستی حکومەتی ناوەندی لە دیمەشق دەکات.
پێش گەیشتن بە رێککەوتنەکە، هێزەکانی حکومەت لە رۆژانی رابردوودا پێشڕەویی خێرایان کرد و چەندین شوێنیان کۆنترۆڵ کرد، لەوانە بەنداوەکان، کێڵگە نەوتییەکان و شارۆچکەکانی وەک تەبقە و بەشێک لە دێرەزوور.
گراهام، کە ماوەیەکی زۆرە پشتیوانی هەسەدەیە وەک ئەو هێزەی کە رۆڵێکی سەرەکیی لە تێکشکاندنی داعشدا گێڕا، جەختی لە گرنگیی ئەو هاوبەشییە کردەوە و گوتی: "ساڵانێکە، ئێمە شانبەشانی هەسەدە کە زۆرینەیان کوردن، کارمان کردووە بۆ دوورخستنەوەی داعش. یەکێک لە بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە سووریا، هاوبەشیمان بووە لەگەڵ هەسەدە."
ئەو سیناتۆرە چەندین پرسیاری لەبارەی وردەکارییەکانی رێککەوتنەکە ورووژاندووە و پرسیاری ئەوەی کردووە کە ئایا رێککەوتنەکە جگە لە تورکیا، لەگەڵ هیچ هاوبەشێکی دیکەی هەرێمی تاوتوێ کرابوو؟ هەروەها ئایا هێزەکانی تورکیا بەشدارییان لە پێشڕەوییەکانی ئەم دواییەدا کردووە بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە یان نا.
گراهام هەروەها پرسیاری ئەوەشی کردووە کە ئایا رێککەوتنەکە رێگە بە هەبوونی سەربازیی تورکیا لە داهاتوودا دەدات و ئایا راوێژ بە ئیسرائیل کراوە و هیچ پێشنیازێکی پێشکێش کردووە.
سیناتۆرەکە گوتیشی: "پرسیارەکانم لە وەڵامەکان زیاترن لەبارەی ئەم رێککەوتنی ئاگربەستەی ئەم دواییەی نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە. یەکێکم لەو سیناتۆرانەی کە پەیوەندییەکی نزیکم لەگەڵ هەسەدە هەیە و چاوەڕێی وەڵامی تەواوی ئەم پرسیارانە و زیاتریش دەکەم لە نزیکترین کاتدا."
رێککەوتنەکە گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە ئاسۆی پەرتەوازەی سووریادا دوای رووخانی بەشار ئەسەدی فەرمانڕەوای پێشوو لە ساڵی 2024؛ هەروەها کۆتایی بە زیاتر لە 10 ساڵ لە خۆبەڕێوەبەریی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا دێنێت و زۆربەی وڵاتەکە دەخاتە ژێر دەسەڵاتی سەرکردایەتیی نوێی راگوزەر بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع.
دیمەشق رێککەوتنەکە وەک هەنگاوێک بەرەو یەکخستنەوەی سووریا سەیر دەکات، هەرچەندە هێشتا روون نییە وردەکارییەکانی وەک وردبینیی ئەمنی، بەڕێوەبردنی خۆجێی لە ناوچە کوردستانییەکانی وەک حەسەکە و گەرەنتیکردنی مافی پێکهاتەکان، چۆن جێبەجێ دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ