ترەمپ بۆ ئەورووپا: خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیتان پێنەدام، بۆیە "چیدی ناچار نیم تەنیا بیر لە ئاشتی بکەمەوە"

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نامەیەکدا بە سەرۆکوەزیرانی نەرویج دەڵێت، لەبەر ئەوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییان پێ نەداوە، چیدیکە هەست ناکات "ناچار بێت تەنیا بیر لە ئاشتی بکاتەوە."
 
ناردنی نامەکە لە کاتێکدایە، ناکۆکیی نێوان ئەمریکا و ئەورووپا لەسەر گرینلاند لە فراوانبووندایە.
 
تۆڕی هەواڵی PBSی ئەمریکی رۆژی دووشەممە بڵاویکردەوە، هەمان نامە لەلایەن کارمەندانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکاوە بۆ چەندین باڵیۆزی ئەورووپا لە واشنتن نێردراوە.
 
لە نامەکەدا هاتووە، "یۆناسی ئازیز، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی وڵاتەکەت بڕیاریدا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیم پێ نەبەخشێ لە بەرامبەر راگرتنی 8 جەنگ و زیاتر، چیدیکە هەست بەوە ناکەم ناچار بم تەنیا بیر لە ئاشتی بکەمەوە، هەرچەندە ئاشتی هەمیشە لە پێشینەدا دەبێت، بەڵام ئێستا دەتوانم بیر لەوە بکەمەوە چی بۆ ئەمریکا باش و گونجاوە."
 
لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا، ترەمپ نووسیویەتی، "دانیمارک ناتوانێت ئەو خاکە [گرینلاند] لە رووسیا یان چین بپارێزێت و هەر لە بنەڕەتدا بۆچی ئەوان 'مافی خاوەندارێتی'یان هەبێت؟"
 
هەروەها دەڵێت، "هیچ بەڵگەنامەیەکی نووسراو نییە، تەنیا ئەوەیە کە سەتان ساڵ لەمەوبەر بەلەمێک لەوێ لەنگەری گرتووە، بەڵام ئێمەش بەلەمی وامان هەبووە کە لەوێ لەنگەری گرتووە. من لەدوای دامەزراندنیەوە، زیاتر لە هەر کەسێکی دیکە خزمەتم بە ناتۆ کردووە، ئێستا ناتۆ دەبێت شتێک بۆ ئەمریکا بکات."
 
ترەمپ هەروەها دەڵێت، "جیهان پارێزراو نابێت، ئەگەر ئێمە کۆنترۆڵی تەواوەتیمان بەسەر گرینلانددا نەبێت."
 
ترەمپ رایگەیاندووە، لە سەرەتای شوباتەوە پێناسی گومرگی بە رێژەی 10% لەسەر ئەو وڵاتە ئەورووپییانە زیاد دەکات کە رازی نین ئەمریکا دەست بەسەر گرینلاند دا بگرێت.
 
نامەکەی ترەمپ چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت کە سەرۆکوەزیرانی نەرویج لە وەڵامی راگەیاندنی ئەو پێناسەدا گوتی، "لەنێوان هاوپەیماناندا هەڕەشە جێگەی نابێتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی رووداوەکە

پێکدادانی دوو شەمەندەفەر لە ئیسپانیا بووەهۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم 20 کەس

لە ئەنجامی پێکدادانی دوو شەمەندەفەری خێرا لە هەرێمی ئەندەلووس لە باشووری ئیسپانیا، 21 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 70 کەسی دیکەش بریندار بوون. سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیاش رووداوەکەی بە "پڕ لە ئازار" ناوبرد.