جیهان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ماڵەکەی خۆی لە مارالاگۆی فلۆریدا وەڵامی رۆژنامەڤانان دەداتەوە. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ رایدەگەیێنێت، کاردانەوەی ئۆکراینا لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ رووسیا "بێئومێد"ـی کردووە. هەروەها رەوایەتی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەخاتە ژێر پرسیار.
رۆژی سێشەممە، 18ـی شوباتی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ماڵەکەی خۆی لە مارالاگۆی فلۆریدا بە رۆژنامەڤانانی گوت، "زۆر نائومێد بووم؛ گوێم لێبووە کە ئەوان [ئۆکراینا] نیگەرانن لەوەی نوێنەرێکیان لە کۆبوونەوەکە بەشداری نەکردووە."
گوتەکانی ترەمپ دوای کاردانەوەی ئۆکراینا هات لەبارەی کۆبوونەوەکەی رۆژی سێشەممەی تیمی دانوستاندکاری ئەمریکا و رووسیا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا لە ریازی سعودیە کۆبوونەوە. کۆبوونەوەکە بە بێ بەشداری نوێنەرانی ئۆکراینا و وڵاتانی ئەورووپا بەڕێوەچوو.
دوای کۆبوونەوەکە زیلینسکی رەخنەی لە گفتوگۆکان گرت و رایگەیاند، دەبێت نوێنەرانی ئەورووپا و ئۆکراینا لە گفتوگۆکان بەشداری بکەن.
ترەمپ لەوبارەیەوە گوتی، "ئەمڕۆ گوێبیستی 'ئێمە بانگهێشت نەکراین' بووم. باشە، ئێوە سێ ساڵە لەوێن.. نەدەبوایە هەرگیز دەستان پێکردبایە [بە شەڕەکە]، دەتانتوانی رێکبکەون."
لەبارەی پرسیاری ئەوەی کە ئایە ئەمریکا پاڵپشتیی داواکارییەکانی رووسیا دەکات بۆ ئەوەی زیلینسکی ناچار بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بکات، ترەمپ گوتی، "ئەوان دەیانەوێت بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا بکەن، بەڵام دەتوانیت بڵێیت... ئایە خەڵکی ئۆکراینا قسەیەکیان نابێت؟ ماوەیەکی زۆر بەسەر دوایین هەڵبژاردندا تێپەڕیوە."
بەرپرسانی رووسیاش چەندین جار رایانگەیاندووە، کە زیلینسکی وەکو سەرۆکی ئۆکراینا رەوایەتی نییە و ئامادە نین گفتوگۆی لەگەڵدا بکەن.
لە 2019ـەوە زیلینسکی بە سەرۆکی ئۆکراینا هەڵبژێردراوە؛ هەر خولێکی سەرۆکایەتی لەو وڵاتە بۆ ماوەی پێنج ساڵە و لەو کاتەوە هەڵبژاردن لەو وڵاتە ئەنجام نەدراوە.
سەرکردەکانی ئەورووپا ترسیان لەوە هەیە کە ترەمپ لە گفتوگۆکانی لەگەڵ رووسیا سازشی زۆریان بۆ بکات. بۆ ئەو مەبەستەش رۆژی 17ـی ئەم مانگە، سەرکردەکانی ئەورووپا لە پاریس کۆبوونەوە.
بەڵام ترەمپ جەخت لەوە دەکاتەوە کە تاکە ئامانجی ئەو لە راگرتنی شەڕەکە ئەوەیە کە "ئاشتی" بەرقەرار بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ