فەرەنسا: تێناگەین بۆچی ترەمپ رەخنە لە ئۆکراینا دەگرێت

19-02-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فەرەنسا لەوە تێناگات بۆچی دۆناڵد ترەمپ لەسەر جەنگی رووسیا رەخنە لە سەرۆکی ئۆکراینا دەگرێت و رووی دەمی لەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 19-02-2025 سۆفی پریماس، گوتەبێژی حکومەتی فەرەنسا لەبارەی رەخنەکانی ترەمپ لە زیلینسکی گوتی: "ئێمە لە لۆژیکی لێدوانەکانی ترەمپ بەباشی تێناگەین."
 
ئەو گوتی، ترەمپ "بەبێ گەڕانەوە بۆ راوێژکردن بە هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی،" لە چەند رۆژی رابردوو چەند لێدوانێکی لەسەر ئۆکراینا داوە.
 
رۆژی سێشەممە، 18ـی شوباتی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ماڵەکەی خۆی لە مارالاگۆی فلۆریدا بە رۆژنامەڤانانی گوت، "زۆر نائومێد بووم؛ گوێم لێبووە کە ئەوان [ئۆکراینا] نیگەرانن لەوەی نوێنەرێکیان لە کۆبوونەوەکە بەشداری نەکردووە."
 
گوتەکانی ترەمپ دوای کاردانەوەی ئۆکراینا هات لەبارەی کۆبوونەوەکەی رۆژی سێشەممەی تیمی دانوستاندکاری ئەمریکا و رووسیا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا لە ریازی سعودیە کۆبوونەوە. کۆبوونەوەکە بەبێ بەشداری نوێنەرانی ئۆکراینا و وڵاتانی ئەورووپا بەڕێوەچوو.
 
دوای کۆبوونەوەکە زیلینسکی رەخنەی لە گفتوگۆکان گرت و رایگەیاند، دەبێت نوێنەرانی ئەورووپا و ئۆکراینا لە گفتوگۆکان بەشداری بکەن. 
 
ترەمپ لەوبارەیەوە گوتی، "ئەمڕۆ گوێبیستی 'ئێمە بانگهێشت نەکراین' بووم. باشە، ئێوە سێ ساڵە لەوێن.. نەدەبووایە هەرگیز دەستانپێکردبایە [بە شەڕەکە]، دەتانتوانی رێکبکەون."
 
خوێناویترین جەنگی ئەورووپا لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە لە نێوان ئۆکراینا و رووسیا لە 2022 هەڵگیرسا، ئەمەش دوای ئەوەی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا فەرمانی کردن "ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت لە ئۆکراینا" بکرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە 19-02-2025 کاژێر 6:00ـی ئێوارە بە کاتی هەولێر، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە پاریس کۆبوونەوەیەکی لەسەر ئۆکراینا، لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی ئەورووپا و شاندی کەنەدا کرد؛ ئەمەش دوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەسەر هەمان مژار کە رۆژی دووشەممە، لەگەڵ سەرکردەکانی بەریتانیا، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، ئیسپانیا، یەکێتیی ئەورووپا، دانیمارک و هۆڵەندا کرا.
 
ترەمپ چەند رۆژێکە ئاراستەی سیاسەتی بەرامبەر ئۆکراینا گۆڕیوە. 
 
رۆژی پێنجشەممە 19-02-2025 دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ رایگەیاند: "بیری لێبکەنەوە، کۆمیدیانێکی سەرکەوتووی وەکو ڤۆلۆدیمیر زیلینکسی، ئەمریکای رازی کرد بۆ ئەوەی 350 ملیار دۆلاری بۆ دابین بکات، بۆ ئەوەی بچێتە نێو جەنگێک کە ناتوانێت بیباتەوە و پێویستیشی نەدەکرد جەنگەکە دەستپێبکات. لە کاتێکدا جەنگێکە کە بەبێ ئەمریکا و ترەمپ ناتوانێت چارەسەر و هێوری بکاتەوە."
 
ترەمپ نووسی: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا 200 ملیار دۆلاری لە ئەورووپا زیاتر خەرج کردووە، لەکاتێکدا پارەی ئەورووپا گەرەنتییە و ئەمریکاش هیچ وەرناگرێتەوە. ئەم جەنگە بۆ ئەورووپا گرنگترە وەکو لەوەی بۆ ئەمریکا گرنگ بێت، ئێمە زەریایەکی جوان و گەورەمان هەیە، کە جیامان دەکاتەوە."
 
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دانی بەوەدا ناوە "نیوەی ئەو پارەیەی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا خەرجی کردووە دیار نییە. زیلینسکی رەتیدەکاتەوە هەڵبژاردن بکات و لە راپرسییەکاندا خاڵی زۆر کەمە. تاکە شت ئەو لێی باشبووبێت بریتیبووە لە یاریکردن بە بایدن و سوود وەرگرتن لێی."
 
سەرۆکی ئەمریکا کە لە 20ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە دەستبەکاربووە، بە زیلینسکیی گوت: "ئەو دیکتاتۆرێکە کە بەبێ هەڵبژاردن هاتووە. ئەو باشترە خێرا بکات، ئەگەرنا هیچ وڵاتێکی بۆ نامێنێتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە