رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی تووند ئاراستەی حکومەتی بەریتانیا دەکات و داوای لێدەکات دەستبەرداری بنکە سەربازییە ستراتیژییەکەی زەریای هیندی نەبێت؛ دەشڵێت: "ئەو بنکەیە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران پێویستە."
دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ پەیامێکی ئاراستەی کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کرد و رایگەیاند، نابێت بەریتانیا بەهۆی رێککەوتنێکی "لاواز"ـەوە کۆنتڕۆڵی بنکەی "دیێگۆ گارسیا" لەدەست بدات.
ترەمپ لەبارەی رادەستکردنی دوورگەکانی چاگۆس بە وڵاتی مۆریس نووسیویەتی: "نابێت ئەم خاکە لە بەریتانیا بسەنرێتەوە، ئەگەر ئەمە رووبدات، دەبێتە پەڵەیەکی رەش بۆ هاوپەیمانە گەورەکەمان."
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە بنکەی دیێگۆ گارسیا و فڕۆکەخانەی فێرفۆرد لە بەریتانیا، دوو خاڵی یەکلاکەرەوە دەبن بۆ "لەناوبردنی هێرشی ئەگەریی رژێمێکی ناسەقامگیر و مەترسیدار" ئەگەر ئێران ئامادەی رێککەوتن نەبێت.
ئەم کاردانەوەیەی تڕەمپ دوای ئەوە دێت، حکومەتی بەریتانیا رەزامەندیی نیشان دا لەسەر گێڕانەوەی دوورگەکانی "چاگۆس" بۆ مۆریس. بە گوێرەی رێککەوتنەکە، بنکە سەربازییە هاوبەشەکەی ئەمریکا و بەریتانیا لە "دیێگۆ گارسیا" بۆ ماوەی 99 ساڵ بە کرێ لای بەریتانیا دەمێنێتەوە، بەڵام ترەمپ ئەمە بە گەرەنتی نازانێت.
ترەمپ هۆکاری ئەم بڕیارەی بەریتانیای بۆ "لاوازی و وۆکیزم" (گرنگیدانی زۆر بە پرسی کەمینەکان و مێژووی داگیرکاری لەسەر حیسابی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان) گەڕاندەوە و داوای کرد بەریتانیا بەهێز بمێنێتەوە.
هەڵوێستەکەی تڕەمپ لە کاتێکدایە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێشتر پشتگیریی خۆی بۆ رێککەوتنەکەی لەندەن و مۆریس دەربڕیبوو، بەڵام کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، پۆستەکەی تڕەمپ گوزارشت لە "سیاسەتی فەرمیی ئیدارەی نوێ" دەکات.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا داکۆکی لە بڕیارەکەی دەکات و دەڵێت، ئەمە "تەنیا رێگەیە" بۆ پاراستنی درێژخایەنی بنکە سەربازییەکە و رێگری لە هەر کێشەیەکی یاسایی لە داهاتوودا.
بەریتانیا لە ساڵانی شەستەکانەوە کۆنتڕۆڵی چاگۆسی کردووە و دانیشتووانە رەسەنەکەی دەرکردووە. لە کاتێکدا رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان داوای گەڕانەوەی خەڵکەکە دەکەن، تڕەمپ ئەو داواکارییانە بە "هەڵبەستراو" ناودەبات و تەنیا لە دیدگایەکی سەربازییەوە دەڕوانێتە ناوچەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ