ئەندامێکی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بۆ رووداو: دەمەوێت پاساوی جەنگی ئەمریکا لەگەڵ ئێران بزانم

18-03-2026
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
جاکی رۆزن، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا
جاکی رۆزن، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، داوا لە سەرۆکی وڵاتەکەی دەکات پاساوەکانی بۆ دەستپێکردنی جەنگ دژی ئێران ئاشکرا بکات. دەشڵێت، تێچووی جەنگەکە گەیشتووەتە ملیارێک دۆلار لە رۆژێکدا و ئەمەش بارگرانییەکی زۆری بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییانی ئەمریکا دروست کردووە.
 
رۆژی چوارشەممە، 18ی ئاداری 2026، جاکی رۆزن بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی لە واشنتن راگەیاند، "دەمەوێت ئیدارەکە پاساوی ئەوەمان پیشان بدات کە بۆچی چوونە ناو جەنگ لەگەڵ ئێران. لە کاتێکدا رۆژانە ملیارێک دۆلار خەرج دەکرێت، خەڵک لە ویلایەتی نیڤادا ناتوانن کرێی خانوو و پێداویستییەکانی رۆژانە دابین بکەن."
 
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە درۆن و مووشەک وەڵامیدانەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکانی ئێران هێرشیکردە سەر وڵاتانی کەنداو.
 
لە دووەم رۆژی جەنگەکەوە، ئێران تەنگەی هورمزی داخستووە و ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە 72 دۆلارەوە بۆ سەروو 100 دۆلاری ئەمریکی بۆ هەر بەرمیلێک. 
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پیران رەخنەی لە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی گرت و گوتی: "لە نێوان پێناسە گومرگییەکان و ئەم جەنگەدا، خەڵکی ناوخۆمان زیانیان بەرکەوتووە. بۆیە پێش ئەوەی سەرۆک بە ئارەزووی خۆی بجووڵێتەوە، پێویستە بێتە کۆنگرێس."
 
رۆزن جەختی لەوەش کردەوە کە تاوەکو ئێستا ئیدارەی دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هیچ زانیارییەکی بەڵگەیی نەداوەتە ئەندامانی کۆنگرێس بۆ دەستپێکردنی ئەم جەنگە و گوتی: "هەموو زانیارییەکان لە کۆبوونەوەیەکی نهێنیدان، بەڵام لەو کۆبوونەوەیەشدا هیچ بەڵگەیەک بە من پیشان نەدراوە کە هەڕەشەیەکی نزیک لە ئارادا بووبێت."
 
رۆژی دووشەممە، 16ی ئاداری 2026، ئەندامانی دیموکرات لە لیژنەی کاروباری دەرەوەی کۆنگرێس لە راگەیێندراوێکدا بڵاویانکردەوە، بڕیاری ئیدارەی ترەمپ بۆ سپاردنی دۆسیەی دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران بە ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر، کە پاشخانێکی "خانووبەرەیان" هەیە نەک دیپلۆماسی، بووەتە هۆی دروستبوونی ئەم جەنگەی ئێستا. ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیدارەی ترەمپ رەتیکردووەتەوە رێگە بەو دوو کەسایەتییە بدات زانیاری بدەنە کۆنگرێس.
 
لە نامەکەدا هاتووە، جگە لە ویتکۆف و کۆشنەر، دەبێت مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوە و پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لەبەردەم کۆنگرێس ئامادە بن بۆ ئەوەی خەڵکی ئەمریکا لە ستراتیژی ئیدارەکە بەرامبەر ئێران تێبگەن. 
 
دیموکراتەکان رەخنەی تووند لەوە دەگرن کە "بڕیارە نادیارەکان" و "نەبوونی شەفافیەت" لە پڕۆسەی دیپلۆماسیدا، ئەمریکای پەلکێشی ئەم جەنگە کردووە.
 
سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوە رەتیکردووەتەوە دانیشتنی تایبەت بۆ لێپرسینەوە لە بەرپرسانی ئیدارەکە رێکبخات. دیموکراتەکان جەخت دەکەنەوە کە کۆنگرێس بەرپرسیارێتی دەستووری هەیە بۆ چاودێریکردنی بڕیارە سەربازییەکان، بەتایبەت لەم ساتەدا کە گیانی سەربازانی ئەمریکا لە مەترسیدایە و بازاڕەکانی وزە لە جیهاندا شڵەژاون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دوو هێرشی پێشوو بۆسەر پاڵاوگەیەکی نەوت لە بەسرە و بنکەی ڤیکتۆریا لە بەغدا

وڵاتانی کۆمەڵەی 7: هێرشەکانی ئێران بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان بە تووندی سەرکۆنە دەکەین

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت پشتیوانی بێ مەرجی خۆیان بۆ هاوبەشەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست راگەیاند و داوای راگرتنی دەستبەجێی هێرشەکانی ئێرانیان کرد. ئەوان هۆشداری دەدەن کە هێرشکردنە سەر ژێرخانی وزە و ئاسایشی دەریاوانی لە تەنگەی هورمز، هەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەر ئاسایشی جیهانی