رووداو دیجیتاڵ
بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا و ژاپۆن لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا داوایان لە ئێران کرد دەستبەجێ هێرشەکانی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و ژێرخانی وزە رابگرێ و پابەندی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش تایبەت بە پاراستنی ئاسایشی دەریاوانی بێت.
رۆژی پێنجشەممە، 19ی ئاداری 2026 نووسینگەی کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا راگەیێندراوی هاوبەشی وڵاتانی (کۆمەڵەی شەش)ـی بڵاوکردەوە، کە تێیدا بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە کەنداو دەکات.
سەرکردەکانی ئەو وڵاتانە داوایان لە تاران کردووە "دەستبەجێ هەڕەشەکانی، دانانی مین، هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان و هەموو ئەو هەوڵانە رابگرێ کە بۆ پەکخستنی تەنگەى هورمز ئەنجامیان دەدات."
لە راگەیێندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئازادیی جووڵەی دەریایی بنەمایەکی سەرەکی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و کارەکانی ئێران هەڕەشەن بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی جیهانی.
وڵاتانی ئاماژەپێکراو داوای "وەستانی گشتگیر و دەستبەجێی" هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی سڤیل، بەتایبەت دامەزراوەکانی نەوت و گازیان کردووە و داوایان کردووە تاران پابەندی بڕیاری ژمارە 2817ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت بە وەستانى هێرشەکانى بۆ سەر وڵاتانى دراوسێی.
بڕیارەکە لە 11ـی ئاداری 2026 درا و تێیدا سەرکۆنەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێرانی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی دەکات و بە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی و هەڕەشەیەکی جیدی بۆ سەر ئاشتیی جیهانییان لە قەڵەم دەدات.
سەرکردەکانی ئەم شەش وڵاتە پشتیوانیی خۆیان بۆ بڕیارەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەش دەربڕی بۆ خستنەبازاڕی نەوتی یەدەگی ستراتیژی، لە هەمان کاتدا ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ هاوکاریکردنی ئەو هەوڵانەی کە گەرەنتیی تێپەڕبوونی ئارامی کەشتییەکان لە تەنگەى هورمز دەکەن.
هەروەها ئاماژەیان بەوە کرد کە لەگەڵ وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت کاردەکەن بۆ زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان تاوەکو بازاڕەکانی وزە جێگیر ببنەوە.
ئەم هەوڵە دیپلۆماسییە نێودەوڵەتییە لە کاتێکدایە، جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ تاران پێی ناوەتە قۆناخێکی هەستیار. لە چەند کاژێری رابردوودا ئێران پاڵاوگەی حەیفای لە ئیسرائیل بۆردومان کرد.
پەککەوتنی 97٪ی جووڵەی کەشتییەکان لە تەنگەى هورمز وایکردووە نرخی نەوتی برێنت بۆ سەرووی 115 دۆلار بەرزبێتەوە.
تەنگەى هورمز وەک یەکێک لەگرنگترین رێڕەوی ئاویی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە دەبینرێت، کە نزیکەی پێنج یەکی نەوتی بازرگانیی جیهان و بڕێکی زۆری گازی سرووشتیی پێدا تێپەڕ دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ