رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، داوای لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئێران رابگرێ، بەتایبەت کێڵگە گازییەکان. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ئیسرائیل هێرشی کردە سەر کێڵگەی (پارس)ـی باشوور، کە خاوەنی گەورەترین یەدەگی گازی سرووشتییە لە جیهاندا و ئێران خاوەندارێتی بەشێکی دەکات و لە بەرامبەریشدا ئێران پێگەکانی وزەی قەتەری بۆردوومان کرد.
ترەمپ لە کۆشکی سپی و لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن بە رۆژنامەڤانانی گوت: "پێم گوت ئەوە مەکە، ئەویش نایکات. ئێمە نێوانمان زۆر باشە. هاوئاهەنگیمان هەیە، بەڵام هەندێک جار شتێک دەکات کە بەدڵم نییە." ترەمپ جەختی کردەوە کە ئیسرائیل هیچ هێرشێکی دیکە ناکاتەوە سەر ژێرخانی وزەی ئێران.
چەند کاژێرێک پێش ئەم لێدوانە، ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی، ترووس سۆشیاڵ، رایگەیاند، ئەمریکا "هیچ زانیارییەکی نەبووە" لەسەر هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کێڵگەی پارسی باشوور، کە دەکەوێتە کەنداو لەنێوان ئێران و قەتەر.
ترەمپ رایگەیاند: "ئیسرائیل هیچ هێرشێکی دیکە ناکاتە سەر ئەو کێڵگەیە"، ئەگەر ئێران بەردەوام نەبێت لە بەئامانجگرتنی قەتەر کە بە گوتەی ئەو، "زۆر بێتاوانە".
لە هەمان پۆستدا ترەمپ هەڕەشەیەکی تووندی کرد و گوتی، ئەگەر ئێران بەردەوام بێت، ئەمریکا "بە هاوکاری یان بێ هاوکاری و رەزامەندیی ئیسرائیل، بە هێزێکی بێ وێنە تەواوی کێڵگەی گازی پارسی باشوور وێران دەکات.")
جەنگەکە لە 18ی ئادار زیاتر خرۆشا، کاتێک هێزەکانی ئیسرائیل چەند شوێنێکی کێڵگەی پارسی باشوور و ناوچەی عەسەلویەیان بۆردوومان کرد. هێرشەکان زیانیان بە دامەزراوەکانی ئامادەکردن و هەناردەکردنی بەرهەمەکانی ئێران گەیاند، بەڵام کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر دابینکردنی گازی جیهانی کەم بوو.
لە وەڵامدا، ئێران بە خێرایی مووشەک و درۆنی ئاراستەی ژێرخانی وزەی وڵاتانی کەنداو کرد، لەوانە:
شاری پیشەسازیی (رەئس لەفان) لە قەتەر کە گەورەترین تێرمیناڵی هەناردەکردنی گازی شلی تێدایە و بەشێکی زۆری پێداویستیی جیهان دابین دەکات.
کێڵگەکانی کوێت، سعودیە و ئیمارات.
بەرپرسانی قەتەر باسیان لە "زیانی بەرفراوان" و ئاگرکەوتنەوە لە رەئس لەفان کردووە و سەرکۆنەی هێرشەکەی ئیسرائیلیان کردووە و رایانگەیاندووە، "هەنگاوێکی مەترسیدار و بێباکانەیە" و هەروەها وەڵامەکەی ئێرانیشیان رەتکردەوە. هەرچەندە زیانی گیانیی گەورە رانەگەیێندراوە، بەڵام قەتەر بەشێک لە دیپلۆماتە ئێرانییەکانی دەرکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ