سەرەڕای ئاگربەست، دەنگی تەقە لە خەرتووم دەبیسترێت

19-04-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
فڕۆکەیەک لە بنکەی ئاسمانیی عوبێد لە سوودان دووکەڵی لێ بەرزدەبێتەوە.
فڕۆکەیەک لە بنکەی ئاسمانیی عوبێد لە سوودان دووکەڵی لێ بەرزدەبێتەوە.
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرەڕای ئەو ئاگربەستەی ئێوارەی رۆژی سێشەممە لە سوودان لەنێوان سوپا و چەکدارانی هێزی پشتیوانیی خێرا رێککەوتنی لەسەر کرا، دەنگی تەقە لە خەرتووم و چەند ناوچەیەکی دیکەی وڵات دەبیسترێت و هەردوولا یەکدی بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار دەکەن.
 
ستیفان دووژاریک، گوتەبێژی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا لە سوودان و لەنێویاندا لە خەرتووم و ناوچە جیاجیاکانی وڵات، پێکدادان بەردەوامە و هیچ ئاماژەیەکی وەستانی تەواوەتیی شەڕ دیار نییە."
 
رۆژی سێشەممە، کاژێر 07:00ـی ئێوارە بەکاتی هەولێر، ئاگربەست لەنێوان عەبدولفەتاح بوورهان، سەرۆکی حکومەتی کاتیی سوودان و محەممەد حەمدان دەگەلۆی جێگری، چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
ئەو ئاگربەستە دوای شەڕێکی پێنج رۆژەی خوێناوی و لەژێر گوشاری نێودەوڵەتی جێبەجێکرا، بەڵام دوای گیانلەدەستدانی زیاتر لە 185 کەسی سڤیل و برینداربوونی سەتانی دیکە.
 
شەڕ و پێکدادان لەنێوان هەردوو فەرماندە سەربازییەکە کە دوو لە باڵاترین پۆستی وڵاتیان بەدەستەوەیە، جیا لە زەرەر و زیانە گیانییەکان، بووەتە هۆی نەمانی خزمەتگوزاری لە 16 نەخۆشخانە، تەنیا لە خەرتوومی پایتەخت.
 
لە رۆژی شەممەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەدیاریکراویش نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا، رووسیا و بەریتانیا بەردەوام لە لێدوانەکانیان داوایان لە لایەنە نەیارەکانی سوودان کرد "دەستبەجێ" شەڕ و پێکدادان رابگرن.
 
ئەم پێنج رۆژە سوودان و بەتایبەتیش خەرتووم بە دۆخێکی مەترسیدار و ناسەقامگیردا تێپەڕین، تەنانەت رێکخراو و دیپلۆماتکارە بیانییەکانیش پرووشکی ئاگریان بەرکەوت.
 
واشنتن رایگەیاند، تەقە لە یەکێک لە شاندە دیپلۆماتییەکانی کراوە و یەکێتیی ئەوروپاش رایگەیاند، باڵیۆزەکەیان لە خەرتووم لە ماڵەکەی هێرشی کراوەتە سەر، رێکخراوی هاوکاریی مرۆییش راپۆرتی لەبارەی دزی و تاڵانی لە داوودەرمان و کەرەستەکانی دیکەی داوەتە لایەنە پەیوەندیدارەکان.
 
هاوکات بەهۆی پێکدادانەکانی سوودان کە فڕۆکەی جەنگی و تانک و چەکی دیکەی قورسی تێدا بەکارهاتووە، مەترسی دەکرێت دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەربچێت و ناسەقامگیریی زیاتر لە ناوچەکە بڵاوبکاتەوە.
 
هۆشداری لە دۆخی مرۆیی دەدرێت
 
خەڵکی سوودان دوایین رۆژەکانی مانگی رەمەزانیان لە دۆخێکی مەترسیدار و خوێناوی تێپەڕاند، ترسیان هەیە ئاگربەستەکە شکستبهێنێت و جەژنی رەمەزانیش کە چەند رۆژێکی کەمی ماوە، لە شەڕ و پێکداداندا تێپەڕێنن.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لانی کەم 185 کەسی سڤیل کوژراون و 1800 کەسی دیکە برینداربوون.
 
چوار نەخۆشخانە لە خەرتووم بۆردوومان کراون و چۆڵکراون، خزمەتگوزاری لە 16 نەخۆشخانە نەماوە، ئەوانەشی کە هێشتا کاردەکەن، دووچاری کورتهێنانی داوودەرمان بوونەتەوە.
 
بە گوتەی نەتەوە یەکگرتووەکان، خۆراک رووی لە کەمییە و چەند مارکێتێکی کەمیش کە بە کراوەیی ماونەتەوە، لە رووی پێداویستیی سەرەتاییەوە توانای دابینکردنی خواستیان هەیە.
 
پێکدادان زیانی بە فڕۆکەخانەی خەرتووم گەیاندووە و گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی جیهان وەستاندووە.
 
رۆژی سێشەممە، جارێکی دیکە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و خاچی سووری نێودەوڵەتی داوای خۆیان بۆ کردنەوەی رێڕەوی مرۆیی بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە خەڵكی دووپاتکردەوە.
 
ماوەی چەند هەفتەیەکە گرژی لەنێوان دوو ژەنەراڵی هەرە بەهێزی سووداندا دروستبووە، هەمان ئەو دوو ژەنەراڵەی کە 18 مانگ لەمەوبەر پێکەوە کودەتایێکی سەربازییان رێکخست و کۆتاییان بە قۆناخی راگوزەری دیموکراسی هێنا. 
 
لە چەند رۆژی رابردوودا، گرژییەکان لە نێوان ژەنەڕاڵ عەبدولفەتاح بوورهان، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و ژەنەراڵ محەممەد حەمدان دەگەلۆ، ناسراو بە حمێدتی، فەرماندەی هێزی پشتیوانیی خێرا، بۆ شەڕێکی خوێناوی گۆڕان، لەسەر ئەوەی کێ وڵاتی دەوڵەمەند بە سەرچاوەکان و خاوەنی 46 ملیۆن دانیشتوو بەڕێوەدەبات.
 
شەڕەکە بووەتە پاشەکشەیەکی کوشندە بۆ ئەو وڵاتەی کە شوێنی بەیەکگەییشتنی خاکی عەرەبی و ئەفریقایە و تێیدا چوار ساڵ لەمەوبەر لە ئەنجامی خۆپێشاندانێکی ئاشتیانەدا، کۆتایی بە فەرمانڕەوایی سەرۆکێک هێنرا کە 30 ساڵ بوو وڵاتەکەی بەڕێوەدەبرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە