پووتین بۆ نیشاندانی 'پەیوەندیی پتەو' گەیشتە چین

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
 پێشوازیی لە پووتین لە فڕۆکەخانەی بەیجینگ. وێنە: AA
پێشوازیی لە پووتین لە فڕۆکەخانەی بەیجینگ. وێنە: AA
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا درەنگی شەوی سێشەممە گەیشتە بەیجینگ بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ شی جینپینگ، هاوتا چینییەکەی، لە هەوڵێکدا بۆ نیشاندانی ئەوەی پەیوەندییەکانیان پتەوە. ئەم سەردانە تەنیا چەند رۆژێک دوای سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپە.
 
پشتڕاستکردنەوەی سەردانەکەی پووتین چەند کاژێرێک دوای ئەوە هات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی هەینی لە بەیجینگەوە گەڕایەوە واشنتن، کە یەکەم سەردانی سەرۆکێکی ئەمریکا بوو بۆ چین لە نزیکەی 10 ساڵدا و ئامانجی سەقامگیرکردنی پەیوەندییە پڕ لە گرژییەکانیان بوو.
 
پێشوازیی هاوشێوەی ترەمپ
 
ڤلادیمیر پووتین نزیک کاژێر 11:15 خولەکی شەوی سێشەممە (6:15 بە کاتی هەولێر) 19-05-2026 گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەیجینگ و لەلایەن وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چینەوە پێشوازی لێکرا.
 
دیمەنی پێشوازییەکە نزیک بوو لە پێشوازییەکەی ترەمپ، هەردوو سەرکردەکە لە فڕۆکەکانیانەوە چوونە خوارەوە بۆسەر فەرشی سوور و گەنج و لاوانی چینی هاواریان دەکرد "بەخێربێیت، بەخێربێیت."
 
لە بۆریی گازەوە تاوەکو جەنگی ئێران و ئۆکراینا
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی کرێملن، بڕیارە پووتین و شی جینپینگ گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتیی بەهێزکردنی هاوبەشیی ستراتیژیی رووسیا و چین بکەن و "بیروڕا لەسەر پرسە سەرەکییە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان" بگۆڕنەوە.
 
پەیوەندیی مۆسکۆ و بەیجینگ لەدوای داگیرکاریی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا لە ساڵی 2022ـەوە قووڵتر بووەتەوە و پووتین لەو کاتەوە هەموو ساڵێک سەردانی بەیجینگی کردووە، لە کاتێکدا وڵاتەکەی لە گۆڕەپانی جیهاندا لە رووی دیپلۆماسییەوە گۆشەگیر کراوە.
 
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکە ئەگەری هەیە دروستکردنی بۆریی گەورەی گازی سرووشتی (هێزی سیبیریا 2) بێت لە رووسیاوە بۆ چین، کە مۆسکۆ زۆر پەرۆشە بۆ دەستپێکردنی.
 
لە لایەکی دیکەوە، پێشبینی دەکرێ سەرۆکی چین پووتین لە وردەکاریی گفتوگۆکانی لەگەڵ ترەمپ ئاگادار بکاتەوە، بەتایبەتی لەسەر پرسی ئۆکراینا. هەرچەندە بەیجینگ بەردەوام داوای گفتوگۆ دەکات، بەڵام هەرگیز رووسیای سەرکۆنە نەکردووە.
 
جەنگی ئێران یەکێکی دیکە دەبێت لە تەوەرەکان، بەڵام رەنگە چین و رووسیا خاڵی لەپێشینەی جیاوازیان هەبێت. 
 
جەیمس چار، پسپۆڕ لە زانکۆی تەکنەلۆژیی نانیانگی سەنگاپوور دەڵێت: "چین پشت بە ئازادیی رێڕۆ ئاوییە گەورەکانی جیهان دەبەستێت و پێی باشە ململانێی تەنگەی هورمز زووتر کۆتایی بێت." لە بەرامبەردا مۆسکۆ "لە رووی ئابوورییەوە سوودی لە جەنگەکە وەرگرتووە بەهۆی سووککردنی سزاکان لەسەر وزەی رووسیا."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە