رووداو دیجیتاڵ
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، ئێران دەبێتە "یەکەم دۆمینە" لە پێشبڕکێی وڵاتان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی. ڤانس تیۆریی (دۆمینە)ی سەردەمی جەنگی ساردی بەکارهێنا بۆ پاساودان بە جەنگی دژی ئێران و رایگەیاند، شکستهێنان لە راگرتنی خواستە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە، دەبێتە هۆی ئەوەی وڵاتانی دیکەش بەدوای چەکی ئەتۆمییەوە بن.
رۆژی سێشەممە 19-05-2026، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە کۆشکی سپی، جەی دی ڤانس رایگەیاند، "ئەگەر هەموو وڵاتێکی جیهان هەوڵ بدات چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت، ئەو کارە هەموومان زۆر نائارام دەکات. ئێران بەڕاستی دەبێتە یەکەم دۆمینە."
تیۆریی دۆمینە لە سەردەمی جەنگی سارددا لەلایەن سیاسەتڤانانی ئەمریکاوە بەکاردەهێنرا و پێیانوابوو ئەگەر وڵاتێک ببێتە کۆمۆنیست، ئەوا وڵاتانی دراوسێی وەک پارچەی دۆمینە بەدوایدا دەکەون.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "نامەوێ منداڵەکانم جیهانێک بە میرات وەربگرن کە تێیدا 20 رژێمی دیکە، کە نیوەیان زۆر مەترسیدارن و هاوسۆزی تیرۆریستانن، چەکی ئەتۆمییان هەبێت."
ڤانس ئاماژەی بە دوو رێگە کرد لە بەردەم دۆخی ئێران. یەکەمیان دانوستاندنە کە گوتی ئەمریکا "بە نیازپاکی" کردوویەتی، بەڵام گوتی، رێگەنادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
ڤانس گوتیشی، "بژاردەی دووەمیش هەیە. بژاردەی دووەم ئەوەیە کە دەتوانین هێرشی سەربازی دەستپێبکەینەوە بۆ بەردەوامبوون لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی ئەمریکا."
جێگری سەرۆکی ئەمریکا گوتی، ترەمپ نایەوێ ئەو رێگەیە بگرێتەبەر، بەڵام وەک لە سەرۆکی بیستووە، "ئامادە و پڕچەکین. نامانەوێ بەو رێگەیەدا بڕۆین، بەڵام سەرۆک ئامادە و توانای ئەوەی هەیە بەو رێگەیەدا بڕوات ئەگەر پێویست بکات."
دەقی قسەکانی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا:
لە کۆتاییدا، تەنیا بۆ پێدانی زانیاریی نوێ لەسەر دانوستاندنی ئێران، دۆخی ئێران. کەمێک پێش ئەوەی بێمە دەرەوە قسەم لەگەڵ سەرۆک کرد. لە راستیدا پێشنیازێکی زۆر سادە لێرە هەیە. دوو بژاردە هەن، دوو رێگە هەن کە دەتوانین بیانگرینەبەر کاتێک باس دێتە سەر دۆخی ئێران. کەواتە با کەمێک بگەڕێینەوە دواوە. ئەوەی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان گوتوویەتی ئەوەیە، یەکەم، ئێران هەرگیز نابێت چەکی ئەتۆمیی هەبێت. پێموایە گرنگە بۆ گەلی ئەمریکا و هەمووتان کە تێبگەن کاتێک ئێمە ئەوە دەڵێین، تەنیا ئەوە نییە کە ئێران ناتوانێت چەکی ئەتۆمیی هەبێت، بەڵکو ئەوەیە کە چی روودەدات ئەگەر ئێرانییەکان چەکی ئەتۆمییان بەدەستهێنا. دەزانین کە ئەوکاتە زۆرێک لە وڵاتەکان لە سەرانسەری کەنداودا دەیانەوێت چەکی ئەتۆمیی خۆیان هەبێت و پاشان زۆرێک لە وڵاتەکان لە سەرانسەری جیهاندا. ئەوەی کە خاڵێکی زۆر کاریگەر و گەشی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بووە، بۆ ماوەی 20 ساڵی رابردوو، بە شەوێک لەناو دەچێت. ئەگەر هەموو وڵاتێکی جیهان هەوڵ بدات چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت، ئەوە هەموومان زۆر نائارامتر دەکات. ئێران بەڕاستی دەبێتە یەکەم پارچە دۆمینە. ئەوەی کە پێشبڕکێیەکی چەکی ئەتۆمی لە هەموو جیهاندا دەستپێدەکات، ئەوە زۆر زۆر خراپە بۆ سەلامەتیی وڵاتەکەمان. وەک باوکی سێ منداڵی بچووک، نامەوێت جیهانێک بە میرات وەربگرن کە تێیدا 20 رژێمی دیکە، کە نیوەیان زۆر مەترسیدارن و زۆر هاوسۆزی تیرۆریستانن، چەکی ئەتۆمییان هەبێت. دەمانەوێت ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە چەکی ئەتۆمییان هەیە کەم بهێڵینەوە و هەر بۆیەش نابێت ئێران چەکی ئەتۆمیی هەبێت، لەسەرووی هەموو ئەو شتانەی دیکەوە کە رەنگە نیگەرانمان دەکەن، ئەوەیە کە خۆیان بتوانن بەکاری بهێنن، بتوانن لە کاتی گوشار و کۆنترۆڵی ئابووری یان دانوستاندنی ئابووریدا بەکاری بهێنن. ئێمە نامانەوێت چەکی ئەتۆمییان هەبێت.
سەرۆکی ئەمریکا داوای لێکردووین بە نیازپاکی دانوستاندن بکەین. ئێمەش هەر ئەوەمان کردووە. کەواتە ئێمە لە دۆخێکی باشداین. بەڵام بژاردەی دووەمیش هەیە. بژاردەی دووەم ئەوەیە کە دەتوانین هەڵمەتی سەربازی دەستپێبکەینەوە بۆ بەردەوامبوون، بۆ بەردەوامبوون لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی ئەمریکا. دەتوانین کەمێک باسی ئەوە بکەین کە ئەوە چۆن دەبێت. بەڵام ئەوە نییە کە سەرۆک دەیەوێت و پێشموانییە ئەوە بێت کە ئێرانییەکانیش بیانەوێت. پێموایە لێرە دەرفەتێکمان هەیە بۆ دووبارە رێکخستنەوەی ئەو پەیوەندییەی کە بۆ ماوەی 47 ساڵە لەنێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکاندا هەبووە. ئەوەیە کە سەرۆک داوای لێکردووین بیکەین و ئەوەشە کە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەسەری. بەڵام ئەمە بە یەک لایەن ناکرێت. رێککەوتنێکمان نابێت کە رێگە بە ئێرانییەکان بدات چەکی ئەتۆمییان هەبێت. کەواتە، وەک سەرۆک تازە پێیگوتم، ئامادە و پڕجەکین. نامانەوێت بەو رێگایەدا بڕۆین. بەڵام سەرۆک ئامادە و توانای ئەوەی هەیە بەو رێگەیەدا بڕوات ئەگەر پێویست بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ