ئەڵمانیا: ئەو ئەڵمانانە ناگەڕێنینەوە کە لە باکووری سووریا زیندانن

19-06-2025
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، هیچ پلانێکیان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ئەڵمانانە نییە کە لە باکووری سووریا زیندانی کراون. دەشڵێت، سووریا شوێنی تاوانە، بۆیە ئەو وڵاتە بەرپرسە لە دادگەییکردنی تۆمەتبارانی "دەوڵەتی ئیسلامی - داعش." گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت، ناتوانن ئەو ئەڵمانانەی لە زیندانەکانی عێراقن بگەڕێننەوە بۆ ئەڵمانیا، چونکە دادگەییکردنیان کۆتاییهاتووە.
 
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، رۆژی پێنجشەممە 19-06-2025، وەڵامی پرسیارەکانی کەهی مەحموود، هەواڵسازی بەشی نێودەوڵەتیی تۆڕی میدیایی رووداوی لەبارەی چەکدارانی ئەڵمانیی نێو ریزەکانی داعش دایەوە و گوتی، "هیچ پلانێک نییە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پیاوانەی لە باکووری سووریا زیندانی کراون. لە داهاتوودا دەبێت سووریا بەرپرس بێت و پرۆسەی دادگەییش دژی چەکدارە بیانییەکانی داعش هەر لەوێ بەڕێوەدەچێت، چونکە زۆر لە تۆمەتبار و قوربانییان لە سووریان و شوێنی تاوانەکانیش هەر سووریایە."
 
لەبارەی ژمارەی ئەندامانی داعش لە گرتووخانەکانی ئەو ناوچانە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا زانیاریی وردی نەدا و رایگەیاند، "وەزارەتی دەرەوەی فیدراڵی پێشبینی دەکات ژمارەیەکی کەم، یانیش مامناوەندی، لە هاووڵاتییانی ئەڵمان لە زیندانەکانی (بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر) لە باکووری سووریا بن، هەروەها ژمارەیەکی کەمیشیان لە زیندانەکانی عێراق بن."
 
گوتەبێژی وەزارەتەکە نەیشاردەوە، ئەوان ئاگاداری داواکاریی "بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر"ن لەبارەی دامەزراندنی دادگەیەکی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی - داعش" لە سووریا.
 
ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتی ئەڵمانیا نەیتوانیوە لە رێگەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دۆسیەی سووریا رەوانەی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوانەکان بکات؛ بەڵام بە گوتەی ئەو، ئەڵمانیا بە سەرکەوتوویی و لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان بەدواداچوونی بۆ تاوانەکانی داعش کردووە، "ئەمەش بووەتە جێی رێز."
 
وەکو گوتەبێژی وەزارەتەکە گوتی، حکومەتی فیدراڵی بە نیگەرانییەوە چاودێریی ئەو مەترسییە دەکات کە ئەندامانی داعش هەوڵی ئازادکردنی چەکدارانی پێشوویان دەدەن، پێیوایە ئەمە دەکرێت مەترسییەکی "جیددی" لەسەر سووریا دروست بکات.
 
سەبارەت بە پرسیاری دیاریکردنی ژمارەی ئەو ئەندامانەی داعش کە گەڕێندراونەتەوە، وەزارەتەکە ئەوەی خستەڕوو، تاوەکو ئێستا لە هەشت چالاکیی فەرمیدا 28 ژن، 24 منداڵ و گەنجێک لە باکووری سووریاوە بۆ ئەڵمانیا گەڕێندراونەتەوە.
 
ئەڵمانیا پێیوایە سووریا لە قۆناخێکی راگوزەرە و پێویستە بەرپرسیارێتیی پرۆسەی دادگەییکردنی ئەڵمانییە تۆمەتبارەکانی سووریا بگرێتە ئەستۆ.
 
هەروەها رایگەیاند، ئەڵمانیا رێزی زۆر لە بەدواداچوونی تاوانەکانی داعش بەپێی یاسا جیهانییەکان، دەگرێت. هەروەها حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا ئاگاداری بانگەوازی حکومەتەکانی سووریا و عێراق نییە بۆ دامەزراندنی دادگەیەکی نێودەوڵەتیی تایبەت بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە