رووداو دیجیتاڵ
حوسێن فەیلی ئەو کوردەی لە ئەڵمانیا وەکو قارەمانێکی ناسراوی بۆکسێنگ دەناسرێت و جارێکیش پاڵەوانێتیی جیهانی بردووەتەوە. نزیکەی 50 ساڵە وەرزشی بۆکسینگ دەکات، ئێستا تەمەنی 61 ساڵە و بەردەوامە.
خولیایی زۆری حوسێن بۆ ئەو وەرزشە کردوویەتی بە راهێنەرێکی بەتوانا و لێهاتوو، ئەو ئێستا یەکێکە لە راهێنەرە دیار و سەرکەوتووەکانی شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا.
حوسێن خەڵکی شاری خانەقینە لە باشووری کوردستان، لە ساڵی 1979 و لە تەمەنی 17 ساڵی چووەتە ئەڵمانیا لەو کاتەوە ئەو وەرزشەی کردووە؛ پاشان بووە بە راهێنەر، یەکەم خەڵاتی زێڕینی لەسەر ئاستی ئەڵمانیا لە 1997 بەدەستهێناوە لەو کاتەوە چەندین خەڵاتی بۆ ئەڵمانیا و شارەکەی بەدەستهێناوە.
حوسێن محەممەد، کە راهێنەری بۆکسینگە دەڵێت، "من 16 ساڵ لەسەر یەک خەڵاتی زێڕم بۆ شاری هامبۆرگ لەسەر ئاستی پاڵەوانێتییەکانی ئەڵمانیا بەدەستهێناوە. شەش جار لەسەر ئاستی ئەوروپا بەشداریمان کرد سێ جار خەڵاتم بردەوە بۆ ئەڵمانیا، بەڵام هەر بەشداری کردنەکەی گرنگ بوو لەسەر ئاستی جیهان بۆ ئەڵمانیا."
25 ساڵ لەمەوبەر حوسێن رێکخراوی "بی سی هانسێتی" بۆ ئەو وەرزشە لە هامبۆرگ دادەمەزراندووە. حوسێن محەممەد دەڵێت، "25 ساڵ لەمەوبەر تەنیا بۆمان هەبوو لە هەفتەیەکدا دوو جار دوو کاژێر راهێنان بکەین. ئەو هەموو کەرەستەیە بوونی نەبوو.. خەڵکی دیکەیشی تێدابوو، بەڵام ئەوان چوونە شوێنی دیکە و ئەم شوێنە بەتایبەت درا بە ئێمە."
لێهاتوویی و بەتوانایی حوسێن جێگەی سەرنجی شارەوانی هامبۆرگە هەر بۆیە هۆڵێکیان بۆ حوسێن کڕیوە و گرێبەستی 25 ساڵییان لەگەڵ کردووە بۆ راهێنانی گەنجانی شارەکە بۆ برەودان بە وەرزشەکەی.
حوسێن محەممەد باسی لەوەش کرد، "نهێنی سەرکەوتنی من لەوەدایە کە دڵسۆزیم هەیە بۆ کارەکەم، لەگەڵ وەرزشکارەکان گەشتی ئەوروپا و شارەکانی ئەڵمانیا دەکەین، لە هەر شوێنێک پاڵەوانیێتی هەبێت دەچم لەگەڵیان."
داڤین و داڤید دووان لە فێرخوازەکانی حوسێنن و پاڵەوانی رێکخراوەکەی ئەون. داڤید پاول دەڵێت، "من ماوەی سێ ساڵە بەشێوەیەکی پرۆڤیشناڵ لێرە راهێنان دەکەم، بەڵام هەر لە منداڵییەوە هاتووم بۆ ئێرە و جار جار راهێنانم دەکرد، بەڵام ماوەی سێ ساڵە هەموو رۆژێک راهێنان دەکەم. بەشداری پێنج پاڵەوانیێتیم کردووە، دووانیانم بردووەتەوە.. بەڕێز حوسێن زۆر هاندەرمانە و راهێنەرێکی بەتوانایە."
ئەلێکسەندەر پاوڵ کە یاریزانێکی دیکەی بۆکسینگە و فێرخوازی حوسێنە دەڵێت، "جێگەی شانازییە ئەندامێکی رێکخراوی حوسێنم. ماوەی 22 ساڵە لێرە راهێنان دەکەم منداڵەکانیشم لێرەن. کچەکەم دووجار بووە پاڵەوانی ئەڵمانیا و جارێک لەسەر ئاستی ئەوروپا و جارێکیش لەسەر ئاستی جیهان، کوڕەکانم لێرە راهێنان دەکەن بەڕاستی باشترین راهێنەرمان هەیە و کەسێکی زۆر بەڕێزە و بەتوانایە، تەنیا راهێنەر نییە، بەڵکو باشترین پەروەردەکارە باش دەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ گەورە و بچووکدا بکات."
حوسێن محەممەد ئاماژە بەوە دەکات، "جگە لەو هەموو رێزلێنان و خەڵات و بانگێشتکردنانە زۆر شتی باشیان بۆ کردم. خێزانەکەم لە کوردستانەوە بەبێ کێشەی بیرۆکراسی وەزیری ناوخۆ خۆی دەستوەردانی کرد و دەستبەجێ ڤیزایان داپێیان؛ هەروەها چوار جار وەک نوێنەری هامبۆرگ منیان ناردووە بۆلای بەرپرسانی ئەڵمانیا وەک بەڕێزان شتاین مایەر، گاوک، کریستیان ڤوڵڤ و ئۆلاف شۆڵتس."
پرۆژەکانی حوسێن بووەتە جێگەی سەرنج و بایەخی حکومەت و کۆمپانیاکان. پرۆژەکانی تایبەتن بە ژنان و گەنجانی کۆچبەرانی کوردی رۆژئاوا و باشوور، هەروەها کۆچبەرانی ئەفغانستان و ئۆکراینا بەبێ بەرامبەر.
حوسێن محەممەد راشیگەیاند، "بەداخەوە ساڵی 2010 چوومەوە کوردستان بە هەموو بڕوانامە و خەڵاتەکانمەوە سەردانی ئەنجوومەنی وەزیرانم کرد چوومە مەکتەب سیاسی و لێرە لە لقی شەش پشتگیرم وەرگرت، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا وەڵامیان نەداومەتەوە.. من لە 2010 لە کوردستان بووم پاڵەوانێتی ئاشتی هەبوو لە هەموو عێراقەوە نزیکەی 60 بۆکسێنەر چووبوونە هەرێمی کوردستان کە عەرەب بوون لە هەموو کوردستانەوە یەک بۆکسەری تێدانەبوو."
دەقی گفتوگۆیەکی کورتی ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو و حوسێن محەممەد:
ئاڵا شاڵی: داوای تۆ چییە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان؟
حوسێن محەممەد: داوای من ئەوەیە پشتگیریی وەرزش بکەن، وەرزش واتا ئاڵا واتا تۆ وڵاتەکەت دەناسێنێت بە جیهان و هەموو دونیا لە رێگەی وەرزشەوە.. کاتێک بەشداری پاڵەوانێتییەک دەکەین، دەبێت جل و بەرگی ئەڵمانیا لەبەر بکەین و ئاڵای ئەڵمانیا بەرزبکەینەوە بەڕاستی هەموو شتێکمان بۆ دەکەن پارەمان دەدەنی، هۆتێلمان بۆ دابین دەکەن و فڕۆکەمان بۆ دابین دەکەن و زۆر رێزمان دەگرن.
ئاڵا شاڵی: ئێوەش خەڵاتیان بۆ دەهێننەوە؟
حوسێن محەممەد: بەڵێ ئێمەش خەڵاتیان بۆ دەهێنیەوە و سەری ئەڵمانیا بەرزدەکەینەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ