رووداو دیجیتاڵ
10 ساڵ بەسەر راگەیاندنی دەستپێشخەریی 'یەک پشتێنە و یەک رێگە' ناسراو بە رێگەی ئاوریشمی نوێ-دا تێدەپەڕێت. چین بەڵێنی جێبەجێکردنی پڕۆژەی زیاتر و پێدانی قەرزی زیاتر بە بڕی 100 ملیار دۆلاری دیکە بە وڵاتان دەدات.
شی جین پینگ، سەرۆکی چین دەڵێت، "بانکی گەشەپێدانی چین و بانکی هاوردە و هەناردەی چین هەریەکەیان 50 ملیار دۆلار سەرمایە تەرخان دەکەن. پڕۆژەی یەک پشتێنە و یەک رێگە 11 ملیار دۆلاری دیکەش تەرخان دەکات. ئێمە سەرمایەی پڕۆژەکانی پەیوست بە یەک پشتێنە و یەک رێگە بە شێوازێکی بازرگانی و بەپێی بنەمای بازاڕ دابین دەکەین."
چین لە رێگەی دەستپێشخەری یەک پشتێنە و یەک رێگەوە ئامانجییەتی لە رێگەی پێشخستنی ژێرخانی وشکایی و دەریایی وڵاتانەوە، کیشوەرەکانی جیهان پێکەوە ببەستێتەوە.
148 وڵاتی جیهان رەزامەندییان دەربڕیووە لە پڕۆژەکەدا بەشداربن و لە ساڵی 2022دا بە بەهای 67 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار لەو چوارچێوەدا پڕۆژەی ژێرخان جێبەجێکرا؛ رووسیا یەکێکە لەو وڵاتانە.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لەو بارەیەوە دەڵێت، "ئەگەر قەبارەی ئەو دەستپێشخەرییە جیهانییە لەبەرچاو بگرین کە دۆستە چینییەکانمان 10 ساڵ لەمەوبەر رایانگەیاند، کەم کەس دەیتوانی بڕوا بەوە بکات کە ئەوە سەربگرێت. بەڵام دۆستە چینییەکانمان سەرقاڵی جێبەجێکردنی ئەوەن. خۆشحاڵین کە ئەم چیرۆکی سەرکەوتنە روویداوە. مانای زۆرە بۆ ئێمە."
ئەمریکا نیگەرانە لەوەی پڕۆژەی رێگەی ئاوریشمی نوێ هەژموونی چین لە جیهاندا بەرفراوان بکات. نیگەرانیی ئەوەش هەیە کە پڕۆژەکە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو و هەژارەکان قەرزدار بکات.
جۆکۆ ڤیدۆدۆ، سەرۆکی ئیندۆنیزیا دەڵێت، "لەم کاتەدا کە جیهان دابەشبووە، نابێت پڕۆژەی یەک پشتێنە و یەک رێگە بە سیاسی بکرێت. ئەوەش لەرێگەی پابەندبوون بە بەها و نێوەرۆکی راستەقینەی پڕۆژەکە کە زیاکردنی هاوکاری نێوان وڵاتانە."
لە کاتی راگەیاندنی پرۆژەکەوە بە بەهای نزیکەی یەک تریلیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە پڕۆژەی ژێرخانی لە چوارچێوەی پڕۆژەی رێگەی ئاوریشمی نوێ کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ