رووداو دیجیتاڵ
چوارەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هاوکاریی یەکێتیی ئەورووپا و عێراق کۆتایی هات؛ بەرپرسی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: "وەک نێردەی هەرێمی کوردستان باسی دۆخی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدامان کرد."
ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی 10ی 2025، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە وەڵامی چەند پرسیارێکی ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداو، باسی چوارەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هاوکاریی یەکێتیی ئەورووپا و عێراقیان کرد کە لە لوکسومبۆرگ بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ چوارەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هاوکاریی یەکێتیی ئەورووپا و عێراق لە لوکسومبۆرگ بەڕێوەچوو؛ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشدارییان تێدا کرد.
کۆبوونەوەکە زیاتر لە دوو کاژێری خایاند؛ سەفین دزەیی لەو بارەوە دەڵێت: "لەم کۆبوونەوەیە باسی کۆبوونەوەکانی رابردوو و دەستکەوتەکانی ئەم دواییە کرا. بە شێوەیەکی گشتی، کۆبوونەوەکەمان باش بوو و باسی شتی باش کران؛ بە تایبەت کە ئێستا عێراق بەرەو چەسپاندنی دیموکراسی هەنگاو دەنێت و بەرەو هەڵبژاردن دەچێت."
بە گوتەی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی ئەمجارە فراوان بووە و ئەندامێکی زۆر لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بەشدارییان تێدا کردووە. نێردەی وڵاتان تێبینی و سەرنجی زۆریان خستووەتەڕوو؛ پێداچوونەوە بە رێککەوتنی یەکێتیی ئەورووپا و عێراق کرا.
سەفین دزەیی روونیکردەوە، "لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێز وەزیری دەرەوەی عێراق، کورتەیەکی لەبارەی پێشکەوتنەکانی عێراق و دۆخی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵاتەکە؛ دواتر گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، پرسیار و وەڵام بوون. دواتر ئێمەش وەک نێردەی هەرێمی کوردستان دەرفەتێکمان بۆ رەخسا و باسی دۆخی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدامان کرد."
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکان دەشڵێت، "هاوکات باسی هاوکارییەکانمان لە بەرەوپێشبردنی پرۆسەی دیموکراسی لە عێراقدا کرد؛ بە تایبەت بارودۆخی ئەمنی، هاتنی ئاوارەکان، هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر ئاوارەکان و راگرتنیان. هەروەها فرەچەشنکردنی ئابووری و کشتوکاڵ، کە مایەی دەستخۆشییان بوو."
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوو، سەفین دزەیی ئاماژەیدا، "هەڵسەنگاندنی دۆخی داهاتووی ناوچەکە و پێشهاتەکانی کە روودەدەن، گفتوگۆی لەسەر کرا و بۆچوونی عێراقیان لەو بارەوە بیست."
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، "پرۆسەی دیموکراسی لە عێراق دەستی پێکردووە و پێویستە گشتگیریش بێت؛ هاوکات پێویستە پێکهاتەکان رۆڵی خۆیان بگێڕن و ئایینەکانیان بەئازادی پێڕەو بکەن. هاوکات مافی مرۆڤ و مافی ئافرەتیش تاوتوێ کران کە ساڵی 2012 عێراق لەگەڵ ئەورووپا ئەو رێککەوتنەی واژۆ کردووە."
لەبارەی کەرتی وزەوە و فرۆشتنی وزەوە، بە گوتەی ئەو بەرپرسەی پەیوەندییەکان، لە دوای جەنگی ئۆکراینا و رووسیاوە، دوو بابەت سەرنجێکی زۆری کەوتە سەر، یەکیان ئەمنیی خۆراک و ئەمنیی وزە بوون.
سەفین دزەیی روونیکردەوە، "بەڵێ هەرێمی کوردستان دەتوانێت هاوکار بێت؛ ئێستا نەوتەکەی هەناردەی دەرەوە دەکرێت، بەشێک لە نەوتی عێراق لە بازاڕەکانی جیهان ساغ دەکرێتەوە؛ لە 15٪ی نەوتی عێراق هەناردەی ئەورووپا دەکرێت، لەوانەیە بەشێکی نەوتی هەرێمی کوردستان بێت و هەر وڵاتێک بیەوێت بیکرێت، دەتوانێت بیکڕێت."
لەبارەی پەرەپێدانی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بەڵێ بە گوێرەی رێککەوتنەکانی عێراق پەرەی پێ دەدرێت و رێژەی بەرهەمهێنان و هەناردەیش زیاد دەکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ