رووداو دیجیتاڵ
پاکستان و ئەفغانستان لە دەوحەی پایتەختی قەتەر لەسەر "ئاگربەستی دەستبەجێ" رێککەوتن، ئەمەش دوای ئەوەی لانیکەم 10 هاووڵاتیی ئەفغانستان لە هێرشە ئاسمانییەکانی پاکستاندا کوژران، کە ئاگربەستێکی پێشووتری شکاندبوو.
بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە، دوو وڵاتە دراوسێکەی باشووری ئاسیا لەسەر سنووری نێوانیان، تووشی پێکدادانی خوێناویی بوون، کە لەو کاتەوەی حکومەتی تاڵیبان لە ساڵی 2021 گەڕاوەتەوە، بە خراپترین ململانێیان دادەنرێت.
ئاگربەستێکی 48 کاژێری بۆ ماوەیەکی کورت شەڕەکەی راگرتبوو، کە دەیان سەرباز و هاووڵاتیی سڤیلی تێدا کوژرابوون، بەڵام هێرشە ئاسمانییەکانی رۆژی هەینی کۆتاییان بە ئاگربەستەکە هێنا.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، دوای گفتوگۆکانی ئاشتی لە دەوحە، "هەردوولا لەسەر ئاگربەستی دەستبەجێ و دامەزراندنی میکانیزم بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیریی بەردەوام لەنێوان هەردوو وڵاتدا رێککەوتوون". گوتیشی، رێککەوتوون لە رۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوەی زیاتر بکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە.
خەواجە ئاسیف، وەزیری بەرگریی پاکستان رێککەوتنی ئاگربەستی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، هەردوولا لە 25ی تشرینی یەکەم جارێکی دیکە لە ئیستەنبووڵ کۆدەبنەوە.
ئاسیف لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی: "ئەو تیرۆرەی لە خاکی ئەفغانستانەوە دەکرێتە سەر پاکستان، دەستبەجێ رادەگیرێت. هەردوو وڵاتی دراوسێ رێز لە سەروەریی یەکدی دەگرن."
زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی حکومەتی ئەفغانستان "واژۆکردنی رێککەوتننامەکەی" پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند: "بڕیاردرا هەردوو وڵات هیچ کارێکی دوژمنکارانە دژی یەکدی نەکەن. هیچ کام لە وڵاتان هیچ کارێکی دوژمنکارانە دژی ئەوی دیکە نەکات و پشتیوانی لەو گرووپانە نەکات کە هێرش دەکەنە سەر حکومەتی پاکستان."
هەردوو وەزیری بەرگری وێنەیەکیان لەکاتی تەوقەکردن لە دوای واژۆکردنەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە.
"خەڵک هێشتا دەترسن"
لەوەتەی تاڵیبان گەڕاوەتەوە سەر دەسەڵات، پاکستان رووبەڕووی زیادبوونێکی بەرچاوی هێرشی چەکداری بووەتەوە، بەتایبەتی لە نزیک سنوور، کە بە درێژایی دوو هەزار و 600 کیلۆمەتر بە ئەفغانستانەوە دەیبەستێتەوە.
شرۆڤەکاران دەڵێن، چەکدارە ئیسلامییەکان بەهۆی سەرکەوتنی تاڵیبانەوە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2021، بوێرتر بوون.
ئیسلامئاباد دەڵێت، گرووپە دوژمنکارەکان، لەنێویاندا تەحریکی تاڵیبانی پاکستان (TTP)، لە "حەشارگەکانەوە" لە ئەفغانستان کاردەکەن، تۆمەتێک کە حکومەتی ئەفغانستان بەردەوام رەتیدەکاتەوە.
تووندوتیژییەکانی سەر سنوور لە 11ی تشرینی یەکەمەوە سەریانهەڵدا، چەند رۆژێک دوای ئەوەی چەند تەقینەوەیەک کابوولیان لە کاتی سەردانێکی بێوێنەی ئەمیر خان موتەقی، وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان بۆ هیندستان هەژاند.
پێش گفتوگۆکانی دەوحە، بەرپرسێکی باڵای تاڵیبان بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتبوو، پاکستان درەنگی شەوی هەینی سێ شوێنی لە پارێزگای پەکتیکا بۆردوومان کردووە و هۆشداریدابوو کە کابوول تۆڵە دەکاتەوە.
بەرپرسێکی نەخۆشخانەیەک لە پەکتیکا بە فرانس پرێسی راگەیاند، 10 هاووڵاتیی سڤیل، لەنێویاندا دوو منداڵ کوژراون و 12ی دیکەش برینداربوون. سێ یاریزانی کریکێتیش لەنێو کوژراوەکاندا بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ