رووداو دیجیتاڵ
زۆربەی گەنجان کاتێک داوای پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لە خۆشەویستەکانیان دەکەن، شوێنە رۆمانسییەکانی وەک نزیک تاوەری ئیڤڵ، کەنار دەریا یان رێستۆرانتێکی هێمن هەڵدەبژێرن، بەڵام رۆژنامەڤانێکی رووسی شوێنێکی تەواو جیاوازی هەڵبژارد.
لە نێوەڕاستی کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەی کۆتایی ساڵی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیادا کە تێیدا هەڕەشەی وێرانکردنی شارەکانی ئۆکراینای کرد و سووربوونی خۆی لەسەر جەنگە چوار ساڵییەکەی نیشان دا، رۆژنامەڤانێک بەناوی کیریل باژانۆڤ دەرفەتەکەی بۆ کارێکی جیاواز قۆستەوە.
باژانۆڤ کە بۆینباخێکی سووری بەستبوو، پۆستەرێکی بەرزکردبووەوە و لەسەری نووسرابوو "دەمەوێ ژیانی هاوژینی پێکبێنم،" ئەمەش سەرنجی پووتینی راکێشا و رێگەی پێدا قسە بکات.
رۆژنامەڤانەکە گوتی: "دەزانم ئێستا خۆشەویستەکەم سەیری ئەم کۆنفرانسە دەکات. ئۆلیچکا، شووم پێ دەکەیت؟" دوای ئەم قسانە، ئامادەبووان چەپڵەیان بۆ لێدا.
پووتین کە ساڵانە لەم کۆنفرانسە دوورودرێژانەدا جگە لە سیاسەتی دەرەوە، وەڵامی پرسیاری جۆراوجۆر لەبارەی خۆشەویستی، کێشەی خێزانی و تەنانەت چاککردنی رێگەوبانەکانیش دەداتەوە، گوێی لەم داواکارییە گرت.
باژانۆڤ دوای پێشکێشکردنی داواکارییەکە، پرسیارێکی لەبارەی بەرزبوونەوەی کرێی خانووبەرە و گرانبوونی بازاڕ لە رووسیا لە پووتین کرد.
دوای تێپەڕبوونی نزیکەی کاژێرێک، پێشکەشکارانی بەرنامەکە قسەیان بە پووتین بڕی بۆ ئەوەی هەواڵە خۆشەکە رابگەیەنن و گوتیان: "ئۆلیچکا بە بەڵێ وەڵامی دایەوە و رازی بوو". جارێکی دیکە هۆڵی کۆنفرانسەکە پڕ بوو لە دەنگی چەپڵە و دەربڕینی خۆشی.
هەرچەندە پووتین وەڵامی ئەوەی نەدایەوە کە ئایا بەشداری لە ئاهەنگەکەدا دەکات یان نا، بەڵام پێشنیازێکی بۆ هاوکاریکردنی زاوا کرد.
سەرۆکی رووسیا بە زەردەخەنەوە گوتی: "کیریل پرسیاری لەبارەی دۆخی دارایی گەنجان کرد، ئەوە راستە و پیاو دەبێت بژێوی خێزان دابین بکات. ئێستا کڵاوێک بەنێو خەڵکدا دەگێڕین و پارەی پێویست بۆ ئاهەنگی هاوژینییەکەی کۆدەکەینەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ