رووداو دیجیتاڵ
نێردەی نەتەوە یەکگرتوەوکان بۆ هاوکاریکردنی عێراق (یونامی) بە زمانی کوردی پەیامی د. بەرهەم ساڵحی بڵاوکردەوە.
دوای ئەوەی بە فەرمی وەک کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران دەستنیشان کرا، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق لە راگەیێندراوێکدا بە زمانی کوردی پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، ئەزموونی خۆی وەک پەنابەرێک دەکاتە "هەوێنی کارەکانی" لەم پۆستە نێودەوڵەتییەدا.
یونامی ئەو راگەیێندراوەی بە زمانی کوردی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە.
بڵاوکردنەوەی ئەم پەیامە بە زمانی کوردی لەلایەن کەسایەتییەکەوە کە دەچێتە سەرۆکایەتیی گەورەترین ئاژانسی پەنابەرانی جیهان، گرنگییەکی سیمبوولی و مەعنەوی هەیە، بەتایبەتی کە کورد وەک نەتەوەیەک مێژوویەکی دوورودرێژی لەگەڵ ئاوارەیی و پەنابەرێتی هەیە.
پەنابەرێک لە لووتکەی بڕیاری نێودەوڵەتی
د. بەرهەم ساڵح لە دەستپێکی پەیامەکەیدا دەڵێت: "مایەی شانازیمە کە وەک کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران هەڵبژێردرام. بۆ خۆم رۆژگارێک پەنابەر بووم و باش دەزانم کە چۆن پارێزگاری و هاوکاری دەتوانێت رێڕۆی ژیان بگۆڕێ."
ئەم دانپێدانانە راستەوخۆیە بە "پەنابەربوونی خۆی" لە رابردوودا، پەیامێکی هاوسۆزییە بۆ ئەو 120 ملیۆن ئاوارە و پەنابەرەی کە ئێستا سەرانسەری جیهان بەدەست جەنگ و قەیرانەکانەوە دەناڵێنن.
کارکردن لەسەر بنەمای هاوسۆزی و یاسا
کۆمیسیاری نوێی پەنابەران لە پەیامەکەیدا هێڵە گشتییەکانی کارکردنی خۆی دیاری کردووە و رایگەیاندووە: "ئەم ئەزموونەم هەوێنی بەرنامەی سەرکردایەتیم دەبێت لەسەر بنەمای هاوسۆزی، پراگماتیزم و پابەندبوون بە یاسای نێودەوڵەتییەوە."
د. بەرهەم جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئامانجی سەرەکی ئەوەیە "ئاوارەبوون کاتی بێت، نەوەک چارەنووسێکی هەمیشەیی."
شکاندنی نەریتێکی ئەورووپی
هەڵبژاردنی د. بەرهەم ساڵح بۆ ئەم پۆستە بە شکاندنی نەریتێکی دێرینی نەتەوە یەکگرتووەکان دادەنرێ. ماوەیەکی زۆر بوو ئەم پۆستە لەلایەن وڵاتە بەخشەرە گەورە ئەوروپییەکانەوە بەڕێوەدەبرا، بەڵام د. بەرهەم دەبێتە یەکەم کەسایەتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ماوەی نزیکەی نیو سەدەدا کە رابەرایەتی ئەم ئاژانسە هەستیارە بکات.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆی یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی پەنابەران و هاوکات میوانداری ژمارەیەکی زۆری ئاوارەکانیش دەکات.
ئاڵنگارییەکان و سوپاسگوزاری
د. بەرهەم ساڵح لە پەیامەکەیدا دانی بەوەدا ناوە کە لە سەردەمێکدا پۆستەکە وەردەگرێ ژمارەی ئاوارەکان بێئەندازە زۆرە و گوشارێکی گەورە لەسەر سەرچاوە داراییەکان هەیە، بۆیە جەختی لەسەر "چاکسازی، کاریگەری و کراوەیی" کردووەتەوە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، وێڕای سوپاسکردنی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ متمانەپێکردنی و فیلیپۆ گراندی کۆمیسیاری پێشوو بۆ هەوڵەکانی، د. بەرهەم بەڵێنی داوە لەگەڵ هەموو لایەنەکان کاربکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک کە "لەگەڵ هیوا و ئاستەنگەکانی سەدەی بیست و یەکەم گونجاو بێت."
بەرهەم ساڵح (65 ساڵ) کە پێشتر سەرۆککۆماری عێراق بووە، خۆی لە سەردەمی رژێمی بەعسدا چووەتە دەرەوەی وڵات و لە بەریتانیا خوێندنی تەواو کردووە، ئەمەش وایکردووە لە نزیکەوە ئاشنای ئازار و پێداویستییەکانی ژیانی پەنابەرێتی بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ