رووداو دیجیتاڵ
لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا، سەرۆکی بەڕازیل رایگەیاند، پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ دروستکردووە و دەیەوێت نێوەندگیری لەنێوان ئەمریکا و ڤەنزوێلا بکات بۆ ئەوەی رێگە لە هەڵگیرسانی جەنگ لە کیشوەرەکەدا بگرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 18-12-2025، لولا دا سیلڤا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، پلانی هەیە پێش جەژنی کریسمس بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بکات. ئامانجی سەرەکیی پەیوەندییەکەش دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی ئاشتیانەیە بۆ ئەو گرژییانەی لە ناوچەکەدا هەن.
سەرۆکی بەڕازیل تیشکی خستە سەر پەیوەندییە کەسییەکانی لەگەڵ ترەمپ و گوتی: "سەرەڕای ناکۆکییە سیاسییەکان، بەڵام ئێستا ترەمپ بووەتە هاوڕێم. ئێمە کەمێک قسەی خۆمانە و نافەرمی دەکەین؛ دوو پیاوی تەمەن 80 ساڵ هیچ هۆکارێکیان نییە بۆ ئەوەی مشتومڕی تووند بکەن."
لولا نیگەرانیی خۆی لە زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ڤەنزوێلا دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد، هێشتا هۆکاری سەرەکیی ئەم ململانێیە روون نییە؛ گوتیشی: "کەس بە راشکاوی ناڵێت بۆچی پێویستە ئەم جەنگە رووبدات، ئایا کێشەکە لەسەر نەوتە یان کانزا دەگمەنەکانە؟ کەس ئاشکرای ناکات چییان دەوێت."
ئەم هەوڵە نێوەندگیرییەی بەڕازیل لە کاتێکدایە کە ئیدارەی ترەمپ رۆژی سێشەممە گەمارۆیەکی تووندی خستە سەر ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرانەی هاتووچۆی بەندەرەکانی ڤەنزوێلا دەکەن. لە بەرامبەریشدا، حکومەتی نیکۆلاس مادورۆ داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە بۆ تاوتوێکردنی "هەڕەشەکانی ئەمریکا".
هاوکات لەگەڵ گوشارە ئابوورییەکان، ئەمریکا جووڵە سەربازییەکانی لە دەریای کاریبی زیادکردووە و پنتاگۆنیش چەندین جار بەلەمە خێراکانی لەو ناوچەیە کردووەتە ئامانجی هێرشەکانی، کە ئەمانە هەمووی مەترسیی پێکدادانی سەربازیی لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ