دیاسپۆرا؛ یەکماڵ منداڵانی ئەڵمانی فێری زمانی کوردی دەکەن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرلین بۆ خەڵکی جیهان پایتەختی کۆماری فیدراڵیی ئەڵمانیایە، بەڵام بۆ کوردستان و دیاسپۆرانشینان، لەوە زیاترە. چونکە زیاتر لە 150 هەزار کورد لەو شارە دەژین. لە پەرلەمانەکەی ژمارەیەک ئەندامی چالاکی کورد هەن. بەرنامەی دیاسپۆرا لەو شارەوە گفتوگۆیەکی باڵکێش لەگەڵ کوردستانیان دەکات. 
 
لە پەرلەمانی ئەڵمانیا 7 پەرلەمانتاری کورد و ژمارەیەکی دیکە دۆستی کورد هەن. زۆر کەسایەتیی گەورەی کورد یان لە بەرلین ژیاون یان هەمیشە پێیەکیان لە بەرلین بووە، یانیش تێیدا کۆچی دواییان کردووە. رەنگە ناسراوترینیان بیرمەندی کوردایەتیی (جەمال نەبەز) بێ، کە هەر لەو شارەش کۆچی دوایی کردووە و ئێستا دامەزراوەیەک بەناوی ئەوەوە لە بەرلین کراوەتەوە.
 
وەک بەڕێوەبەرانی دامەزراوەکە بۆ بەرنامەی دیاسپۆرا باسیدەکەن زۆرتر لە 200 کارتۆن دەستنووس و بەڵگەنامەی بڵاوکراوەی پرۆفیسۆر جەمال نەبەز هەن کە ئێستا ئامادەکاری بۆ رێکخستنەوە و بڵاوکردنەوەیان دەکرێ.  
 
شکایەتیان لێدەکەن
 
چیرۆکی ئەو دامەزراوەیە و زانیارییە نەگوتراوەکان لەسەر ئەو بیرمەندەی کوردستان لەگەڵ زۆر چیرۆکی دیکەی کوردی بەرلین لە بەرنامەکانی داهاتووی دیاسپۆرادا بڵاودەبنەوە.
 
ئەوەی ئەمشەو (19-12-2025) پەخشدەکرێ ژمارەیەک چیرۆکی باڵکێشی دیکەن. بۆنموونە دامەزراوەیەکی گەورە و کاریگەری کوردی، کە لە سەرتاسەری ئەڵمانیا کار بۆ منداڵان و ماڵباتە کوردستانییەکان دەکات و هەوڵدەدات زمانی کوردی لەنێو دیاسپۆرای کوردی دا لە ئەڵمانیا پەرەپێبدات، (دامەزراوەی یەکماڵ)ـە.
 
بارەگای سەرەکیی یەکماڵ لە ناوچەیەکی قەرەباڵخی بەرلینە. لەوێ گیونای داریجی، بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەکە، بۆ بەرنامەی دیاسپۆرای باسدەکات کە چۆن 35 ساڵە بە پشتیوانیی دەوڵەتی ئەڵمانیا نەوە دوای نەوەی منداڵانی کورد لەو وڵاتە بە هەردوو زمانی کوردی و ئەڵمانی پەروەردە دەکەن. ئەو دەڵێ جاران خەڵکی باکووری کوردستان دەترسان منداڵانیان بنێرنە باخچەی منداڵانی کوردی لە بەرلین، چونکە خەڵک هەبوون دەچوون لەلای دەوڵەتی تورکیا شکایەتیان لێدەکردن و کە دەگەڕانەوە بۆ (وەلات) دەستگیر دەکران و ئازار دەدران.
 
ئەوەی لە چیرۆکی ئەمشەوی یەکمال دا باڵکێشە ئەوەیە کە جگە لە منداڵانی کورد، منداڵانی ئەڵمانیش، واتە ئەوانەی دایکیشیان و باوکیشیان ئەڵمانن، منداڵەکانیان دەنێرنە باخچەی منداڵانی کوردی و لەوێ فێری زمانی کوردی دەبن. 
 
وێنەی سەدام و ئاڵای کوردستان
 
لە بەرلین شەقامێکی لێیە کە بە (شەقامی عەرەب) ناوی دەکردووە. لەوێ تابلۆی سەر دووکان و خواردنگە و سەرتاشخانە و سوپەرمارکێتەکان هەموویان بە عەرەبین. کاتێک بەو شەقامەدا تێدەپەڕیت بۆنی دووکەڵی کەباب و نێرگەلە و فەلافل بە تێكەڵی هەڵدەمژیت. لە قاوەخانەیەک ئوم کولسوم گۆرانی دەڵێ و لە سەرتاشخانەکەی بەرامبەری کازم ئەلساهر بۆی دەسەنێتەوە.
 
لە شووشەبەندی بەردەم یەکێک لەو دوکانانەی مۆبایل و کەلوپەلی مۆبایل دەفرۆشێ بەرگی مۆبایل دانراون کە وێنەی سەدام حوسێنیان لەسەرە و لە رەفەکەی سەرتری بەرگێکی دیکەی مۆبایل هەیە کە ئاڵای کوردستان و فەڵەستین لەتەنیشت یەک دانراون. ئاڵاکەی کوردستان تەنیا سیمایەکی کوردییە کە لەو شەقامەدا دەبیندرێ، بەڵام لە ناوچەیەکی دیکەی بەرلین لەسەر شەقامێک چێشتخانەیەکی کوردیی لێیە بەناوی (ئەربیل).

 

 
چێشتخانەکە هی ماڵباتێکی هەولێرییە و ئەمشەو لە بەرنامەی دیاسپۆرادا چیرۆکی ژیانی خۆیان دەگێڕنەوە. یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکە یووسف کانەبییە، کە لە هەولێر نەخۆشیی تالاسیمیای هەبووە و بۆ وەرگرتنی چارەسەر هاتووەتە ئەڵمانیا. لەوێ لەتەنیشت چارەسەر خوێندوویەتی و ئێستا فەرمانبەرێکی باڵادەستە لە حکومەتی خۆجێیی بەرلین.
یووسف لەگەڵ هاوژینە ئۆزبەکستانییەکەی باسی ئەوە دەکات کە چۆن لەتەنیشت سەختیی نەخۆشی و ئێشی دووری لە نیشتمان مرۆڤ دەتوانێ ئومێدەوار بمێنێتەوە و کاری گەورەش بکات. 
 
هونەرمەندێک دەمێکە دیار نییە
 
بەدرێژایی دیاسپۆرای ئەمشەو، کە کاژێر 21 بەکاتی هەولێر لە رووداو پەخشدەکرێ، هونەرمەندێکی دیاسپۆرانشینی دەنگخۆش لەگەڵ هێمن عەبدوڵڵا، پێشکێشکار دەبێ کە ماوەیەکی زۆرە بێدەنگە. ئەو لەپاڵ گێڕانەوەی چیرۆکی ژیانی خۆی لە بەرلین، گۆرانیی پڕ هەست بۆ ئەڤینی وڵات و غەریبی دەڵێت. ئەمشەو بزانن دەیناسنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

واشنتن داوا دەکات دادگەکە بە فەرمی کۆتایی بە لێکۆڵینەوەکان لەبارەی کردەوەکانی سەربازانی ئەمریکا لە ئەفغانستان بهێنێت

ئەمریکا سزای بەسەر دوو دادوەری دیکەی دادگەی نێودەوڵەتیی تاواندا سەپاند

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سزای بەسەر دوو دادوەری دیکەی دادگەی نێودەوڵەتیی تاواندا (ICC) سەپاند؛ ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەشداریکردنیان لە دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل.