رووداو - ئوسترالیا
دوای سێ مانگ هاوینی گەرم و وشک لە ئوسترالیا بارانی بەخوڕ و تەرزەیەکی گەورە باری، بەشێک لە ئاگری دارستانەکانی کوژاندەوە، ئەوەش هەم خەڵکی و هەم پیاوانی ئاگرکوژێنەوەی دڵخۆشکردووە.
یەکێک لە کارمەندانی ئاگرکوژێنەوە ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی بارانەکەوە توانیویانە پشوویەک بدەن، بەڵام مەترسی ئاگرەکە تەواونەبووە و هەندێک ناوچە ئەوەندە وشکە دوای ئەو بارانەش مەترسی سەرهەڵدانەوەی ئاگری هەیە.
بارانی ئەم هەفتەیەی ئوسترالیا بەلێشاو و کوتوپڕ دەڕوات، بەڵام شارەزایانی کەشناسی دەڵێن، بۆئەوەی وڵاتەکە لەو ئاگرە رزگاری بێت پێویستی بە بارانێکی نەرم و بەردەوام هەیە.
هەرچەندە تیمەکانی بەرگری شارستانی و کەشناسی هۆشداری دروستبوونی لافاو دەدەن، بەڵام دوای ئەو گەرما و وشکەساڵییە، خەڵک دڵخۆشن بە بارانەکە و پێشوازی لێدەکەن.
سێ مانگە وشکەساڵی و گەرما زیاتر لە 25 ملیۆن هێکتار زەوی لە ئوسترالیا سووتاندووە، بەشێک لە خەڵک کە قسەیان بۆ رووداو کردووە دەڵێن، هەموو ئەو ماوەیە چاوەڕوانی بارانێکی لەو شێوەیە بوون.
لە ئەم هەفتەیەدا چاوەڕواندەکرێت پێنج بۆ 10 ملیم باران لە هەموو ناوچەکانی ئوسترالیا ببارێت، لە هەندێک ناوچەش تاوەکو 50 ملیم باران باریوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ