رووداو دیجیتاڵ
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا دەڵێ، قۆناخی گواستنەوەی دەسەڵات لە سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع گەورەترین دەرفەتی مێژوویی بۆ کورد رەخساندووە تاوەکو بە تەواوی لەنێو دەوڵەتێکی یەکگرتوودا تێکەڵ بێت. تۆم باراک دەڵێ، هاوبەشیی ئەمریکا لەگەڵ هەسەدە دژی داعش بەشێوەیەکی سەرەکی "بەسەرچووە."
رۆژی سێشەممە 20-01-2026 تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا گوتی: "ئەم ساتەوەختە رێگە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی وڵاتینامە، پاراستنی کولتووری و بەشداریی سیاسی کورد دەکاتەوە؛ ئەو مافانەی کە بۆ دەیان ساڵ لە سایەی رژێمەکەی بەشار ئەسەد لە کورد زەوت کرابوون و رووبەڕووی بێ وەڵاتینامەیی و جیاکاریی سیستماتیک دەبوونەوە."
نێردەکەی ئەمریکا دەڵێ: "لە رابردوودا بوونی سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا تەنیا بۆ هاوبەشی دژی داعش بوو."
تۆم باراک گوتی: "هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کاریگەرترین هاوبەشی گۆڕەپان بوون لە تێکشکاندنی خەلافەتی داعش تاوەکو ساڵی 2019، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە."
باراک کە لە هەمان کاتدا باڵیۆزی ئەمریکایە لە تورکیا دەڵێ: "ئامانجی سەرەکیی هەسەدە وەک هێزی یەکەمی دژە داعش تاوەکو ئاستێکی زۆر کۆتایی هاتووە، چونکە حکومەتە نوێیەکەی ئەحمەد شەرع لە کۆتایی ساڵی 2025 وەک 90یەمین ئەندام چووە نێو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی. ئێستا دیمەشق ئارەزووی هەیە و لە پێگەیەکیشدایە کە بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکان و پاراستنی زیندانەکانی داعش بگرێتە ئەستۆ."
تۆم باراک دەڵێ: "ئەمریکا چالاکانە ئاسانکاری بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە دەکات کە لە 18ـی کانوونی دووەم واژۆ کرا و تێیدا بڕیاردراوە شەڕڤانانی هەسەدە بە شێوەی تاکەکەسی لەنێو سوپای نیشتمانیدا تێکەڵ بکرێن و ژێرخانە سەرەکییەکانی وەک کێڵگە نەوتییەکان، بەنداوەکان و دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ زیندانەکانی داعش رادەستی دیمەشق بکرێن."
باراک دەڵێ: "واشنتن هیچ بەرژەوەندییەکی لە مانەوەی سەربازیی درێژخایەندا نییە و خاڵی لەپێشینەی ئێمە تەنیا تێکشکاندنی پاشماوەکانی داعش و پشتگیریکردنی یەکڕیزیی نیشتمانییە بەبێ پشتگیریکردنی بیرۆکەی جیابوونەوە یان فیدراڵیزم."
نێردەکەی ئەمریکا دەڵێ: "تێکەڵبوون لەنێو دەوڵەتی نوێی سووریا، مافی تەواوی وەڵاتینامە بۆ هەموو کوردەکان دابین دەکات، بەوانەشەوە کە پێشتر بێ ناسنامە بوون، هەروەها گەرەنتیی دەستووری بۆ خوێندن بە خوێندن بە کوردی و ناساندنی نەورۆز وەک پشووی نیشتمانی دەدات."
باراک دەڵێ: "جێگرەوەی ئەم تێکەڵبوونە تەنیا ناسەقامگیری و سەرهەڵدانەوەی داعشە، بۆیە ئەمریکا تەنیا جەخت لەسەر دوو خاڵ دەکاتەوە. یەکەمیان، دڵنیابوون لە ئاسایشی زیندانەکانی داعش کە ئێستا لە ژێر دەستی هەسەدەدان. دووەم، ئاسانکاری بۆ گفتوگۆی نێوان هەسەدە و دیمەشق بۆ گەیشتن بە تێکەڵکردنی ئاشتتییانەی هەسەدە و بەشداریی سیاسیی دانیشتووانی کوردی سووریا بۆ ئەوەی وڵاتینامەی سووریا وەربگرن."
ئەم پەیامەی تۆم باراک لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە 20-01-2026، دۆخی سووریا بەرەو وەرچەرخانێکی نوێ رۆیشت.
سەرۆکایەتیی سووریا گەیشتنە لێکتێگەیشتنێکی نوێی لەگەڵ هەسەدە راگەیاند، کە تێیدا بڕیاردراوە سوپای سووریا نەچێتە ناو شار و شارۆچکە و گوندە کوردنشینەکان، هەروەها مەزڵووم عەبدی بەربژێر بۆ پۆستی یاریدەدەری وەزیری بەرگری و پارێزگاری حەسەکە پێشنیاز بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ