نوێنەری سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووداو: لێکۆڵینەوە لە سووکایەتیکردن بە تەرمی شەڕڤانەکە دەکەین

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
 ئیبراهیم عولەبی، نوێنەری سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان
ئیبراهیم عولەبی، نوێنەری سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لەو رووداوە دەکەن کە تێیدا هێزەکانی حکومەتی وڵاتەکەی دەبیندرێن سووکایەتی بە تەرمی شەڕڤانێکی ژن دەکەن.
 
رۆژی سێشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2026، ئیبراهیم عولەبی، نوێنەری سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە نیویۆرک وەڵامی چەند پرسیارێکی نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە کە تایبەت بوون بە دۆخی مرۆیی کۆبانێ، دەنگۆی هەڵاتنی چەکدارانی داعش و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ.
 
سەبارەت بە دەنگۆی هەڵاتنی ژمارەیەک لە چەکدارانی داعش و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی حکومەتی سووریا دەکرێن کە هێرشەکانیان بووەتە هۆی ئەو دۆخە، ئیبراهیم عولەبی هەسەدەی بەوە تۆمەتبار کرد کە ئەقڵییەتی "هەڕەشە" بەکاردەهێنن.
 
عولەبی بە رووداوی گوت: "زیندانییانی داعش لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدا بوون، بۆیە دەبێت ئەو پرسیارە ئاراستەی ئەوان بکرێ کە بۆچی شوێنەکانیان چۆڵکردن و دەرگاکانیان کردنەوە."
 
نوێنەرەکەی سووریا راشیگەیاند کە ئێستا لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان کار بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی دۆخەکە دەکەن.
 
دۆخی خزمەتگوزاری لە کۆبانێ
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بڕینی ئاو و کارەبا لەسەر دانیشتووانی کۆبانێ بۆ چەند رۆژێک، کە خەڵکی ناوچەکە حکومەتی سووریا بە هۆکار دەزانن، عولەبی ئەو تۆمەتەی رەتکردەوە.
 
عولەبی گوتی: "ئەوە کارێک نییە ئێمە کردبێتمان، بەدواداچوونی بۆ دەکەین بۆ دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیی هەموو خزمەتگوزارییەکان."
 
بۆ بەرگریکردن لە هەڵوێستی حکومەتەکەی، نوێنەری سووریا نموونەی شاری رەققەی هێنایەوە و گوتی: "لەبەر ئەوەی ئێستا پارێزگار لەوێیە، بۆ یەکەمجار رەققە 24 کاژێر کارەبای هەیە."
 
سووکایەتیکردن بە تەرمی شەڕڤان
 
سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە تێیدا هێزەکانی حکومەتی سووریا سووکایەتی بە تەرمی شەڕڤانێکی ژنی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکەن، نوێنەرەکەی سووریا رایگەیاند، "لێکۆڵینەوە لەو رووداوە دەکەن".
 
رۆژی 10ـی ئەم مانگە، لەکاتی هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر هەردوو گەڕەکە کوردییەکانی ئەشڕەفییە و شێخ مەقسوودی حەلەب، گرتە ڤیدیۆییەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوویەوە کە تێیدا سەربازانی سوپا تەرمی ژنە شەڕڤانێک لە نهۆمێکی بەرزەوە فڕێدەدەنە خوارەوە و سووکایەتی پێدەکەن. 
 
عولەبی بە پەیامنێری رووداوی راگەیاند: "حکومەتی سووریا لە رابردوودا بەرپرسیارێتیی تەواوی لە ئەستۆ گرتووە و هەر کاتێک هەڵەیەک روویدابێت، کارمان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە."
 
گوتیشی: "ئەو راستییەی کە ئۆپەراسیۆنێکی هێندە ئاڵۆز [کە 150 هەزار سڤیلی تێدابووە] تەنیا یەک پێشێلکاریی لێکەوتەوە کە پەیوەندی بە تەرمێکەوە هەبوو، ئاستی دیسیپلین و وردیی کارەکانمان دەردەخات."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ رووداو، عولەبی ئاماژەی بەوە کرد کە گەڕانەوەی کورد بۆ گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە "نیشانەی ئەوەیە کە لە حکومەت ناترسن، بەڵکو زۆر دڵخۆشن بە شێوازی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنەکە."
 
پرسیار و وەڵامی رووداو و نوێنەری سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان:
 
رووداو: من نامۆ عەبدوڵڵام لە تۆڕی میدیایی رووداو. دەگوترێ بەهۆی هێرشەکەتانەوە بۆ سەر هەسەدە، ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی داعش هەڵاتوون. چۆن ئەو کێشەیە چارەسەر دەکەن؟دووەم، دانیشتووانی کۆبانێ باس لەوە دەکەن کە زیاتر لە هەفتەیەکە ئاو و کارەبایان بڕاوە. هۆکارەکەی چییە؟ ئەوان حکومەت بەوە تۆمەتبار دەکەن کە لەپشت ئەم کارەوەیە. لە کۆتاییدا، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەنێویاندا تۆڕی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، کە دەستەیەکی سەربەخۆیە، رایگەیاندووە گرتەیەکی ڤیدیۆییان پشراستکردووەتەوە کە تێیدا ئەندامانی سوپای سووریا بە جلی فەرمییەوە سووکایەتی و بێڕێزی بە تەرمی ژنە شەڕڤانانی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکەن. وەڵامی ئێوە بۆ ئەمە چییە؟
 
ئیبراهیم عولەبی، نوێنەری سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان: "سەبارەت بە زیندانیانی داعش، هەروەک هەمووان دەزانن، ئەوانە لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدا بوون. بۆیە دەبێت ئەو پرسیارە ئاراستەی هەسەدە بکرێ کە بۆچی شوێنەکەیان چۆڵکرد، دەرگاکانیان کردەوە و دڵنیاییان دا لەوەی ئەندامانی داعش دەرچن. ئەمە بەشێک بوو لەو گوتارەی کە هەمیشە هەڕەشەی بەکارهێنانیان دەکرد، بۆیە پێموایە دەبێت ئەو پرسیارە لەوان بکرێ. ئێمە لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان کارمان کردووە بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەین.
 
سەبارەت بە ئاو و کارەبا، ئەمە کارێک نییە ئێمە کردبێتمان، بەدواداچوونی بۆ دەکەین بۆ دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیی هەموو خزمەتگوزارییەکان. رەققە، ئەو شارەی کە هەسەدە دەستی بەسەردا گرتبوو، لەبەر ئەوەی ئێستا پارێزگار لەوێیە، بۆ یەکەمجار 24 کاژێر کارەبای هەیە. 
 
سەبارەت بەو پێشێلکارییانەی بانگەشەیان بۆ دەکرێ، هەروەک ئاماژەت پێدا، حکومەتی سووریا لە رابردوودا بەرپرسیارێتیی تەواوی لە ئەستۆ گرتووە و هەر کاتێک هەڵەیەک روویدابێت، کارمان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە و بەشێوەیەکی بێوێنە رێگەمان داوە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو پێشێلکارییانە تۆماربکات و یارمەتیدەر بێت لە دادگاییکردنی ئاشکرا بۆ هەر شتێک بە هەڵە کرابێت.
 
بەڵام ئەو راستییەی کە ئۆپەراسیۆنێک کە 150,000 هاووڵاتیی سڤیلی لە ناوچەیەکی زۆر چڕی دانیشتوواندا لەخۆگرتبوو و تێیدا هەسەدە ژێرخانی سڤیلی بەکاردەهێنا، من لەوێ بووم و چوومە ئەو تونێلانەی هەسەدە لەژێر نەخۆشخانەکاندا دروستی کردبوون، ئەو راستییەی کە ئۆپەراسیۆنێکی هێندە ئاڵۆز تەنیا یەک پێشێلکاریی لێکەوتەوە کە پەیوەندی بە تەرمێکەوە هەبوو، کە ئێمەش لێکۆڵینەوەی لەبارەوە دەکەین، ئاستی دیسیپلین و وردیی کارەکانمان دەردەخات. هەروەها گەڕانەوەی کورد بۆ شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ئەوە نیشان دەدات کە لە حکومەت ناترسن، بەڵکو زۆر دڵخۆشن بە شێوازی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنەکە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا و باڵیۆزی وڵاتەکە بۆ تورکیا.

تۆم باراک: گەورەترین دەرفەت بۆ کورد لە سووریا هاتووەتە پێشەوە

تۆم باراک رایگەیاند، قۆناخێکی نوێ لە مێژووی سووریا دەستیپێکردووە و کوردەکان لەبەردەم دەرفەتێکی مێژووییدان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی یەکگرتوودا. ئاشکراشی کرد کە نەخشەڕێگەیەک بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە و رادەستکردنی کێڵگە نەوتییەکان بە دیمەشق داڕێژراوە.