رووداو دیجیتاڵ
بەگوتەی سەرۆکی رووسیا، دادگە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە ساڵی 2024ـدا، بە تۆمەتی تیرۆر، سزای زیندانییان بۆ هەزار و 75 کەس بڕاندووەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 20-02-2025، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە گوتارێک بۆ دادوەرە باڵاکانی وڵاتەکەی گوتی: "دادگە سەربازییەکان رۆڵێکی گرنگیان لە بڕیاردان لەسەر کەیسە تاوانکارییەکان هەیە، کە بە ئاراستەی تیرۆرن."
دادگە نهێنییە سەربازییەکانی رووسیا چەندین کەس دادگایی دەکەن، لەوانەش سەربازە گیراوەکانی ئۆکراینا، ئەو رووسییانەی تۆمەتی کارکردن بۆ ئۆکراینایان لەسەرە، ئەو رووسییانەی رەخنە لە حکومەتی پووتین دەگرن و ئەوانەیشی پەیوەندییان بە گرووپە پەڕگیر و تیرۆریستەکانەوە هەیە.
سەرۆکی رووسیا گوتی: "ساڵی رابردوو نزیکەی 950 کەیس کاریان لەسەرکرا و هەزار و 75 کەس سزادران."
پووتین سوپاسی "پابەندی و دڵسۆزی"ـی دادوەرەکانی کرد.
رووسیا سزای ئەو کەسانەش دەدات کە ناڕەزایی لە جەنگی ئۆکراینا دەردەبڕن.
پەیماننامەی جنێڤ قەدەخەی کردووە دیلی جەنگ بەهۆی ئەوەی شەڕی بۆ وڵاتەکەی کردووە، دادگایی بکرێت و سزابدرێت.
لەدوای ئاداری 2024ـەوە، کە لە هێرشێکی داعشدا 145 کەس لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕانی مۆسکۆ کوژران، رووسیا سەرنجی زیاتری خستووەتە سەر گرووپە چەکدارەکان.
گرووپی OVD-Info تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، هەزار و 400 کەس ئێستا لە رووسیا بەهۆکاری "سیاسی" دەستگیرکراون و زۆربەیان تۆمەتی "تیرۆر"یان لەسەرە.
زۆربەی ئەو دادگاییکردنانەش لە دادگە سەربازی و مەدەنییەکان لە پشتی دەرگە داخراوەکانەوە بەڕێوەدەچن.
پووتین هەروەها رایگەیاند، لەو ناوچانەی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کە ئێستا رووسیا دەستی بەسەردا گرتوون، 100 دادگەیان دروستکردووە و 570 دادوەریشیان بۆ ئەو دادگانە راسپاردووە. دیار نییە لەو دادگانە چەند ئۆکراینی کە دژی هێرشەکانی رووسیان، سزادراون.
رووسیا لە 2022ـەوە دەستی بەسەر هەر چوار هەرێمی دۆنێتسک، خێرسۆن، لوهانسک و زاپۆریژیادا گرتووە.
ئیرینا پۆدنۆسۆڤا، سەرۆکی دادگەی باڵای رووسیا گوتی، ئەو 100 دادگەیە بە تەواوی ئاوێتەی سیستمی دادوەریی رووسیا کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ