رووداو دیجیتاڵ
پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا سەبارەت بە داواکاریی بودجەی 200 ملیار دۆلاریی پێنتاگۆن بۆ جەنگی ئێران، گوتی: "بۆ کوشتنی پیاوە خراپەکان، پێویستت بە پارە هەیە."
هەرچەندە تاوەکو ئێستا تێچووی تەواوەتیی جەنگەکە بە فەرمی رانەگەیەندراوە، بەڵام بەرپرسی دارایی پێنتاگۆن بە یاسادانەرانی راگەیاندووە، تەنیا لە شەش رۆژی یەکەمی جەنگەکەدا (کە لە 28ـی شوبات دەستی پێکرد)، ئەمریکا 11.3 ملیار دۆلاری خەرج کردووە.
دانیال شنایدەرمان، بەڕێوەبەری بەرنامەکانی سیاسەتی جیهانی لە ناوەندی (Penn Washington)، دەڵێ ئەم ژمارەیە زۆر لۆژیکییە ئەگەر سەیری قەبارەی ئۆپەراسیۆنەکان بکەین.
پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو چەکانەی لە دژی ئێران بەکاردێن، لە گرانبەهاترین کەرەستە سەربازییەکانی جیهانن. شنایدەرمان دەڵێت تێچووەکان لەم خاڵانەدا چڕبوونەتەوە:
چەکە دوورمەوداکان: مووشەکی کرووز و مووشەکەکانی سیستەمی بەرگریی تاد کە نرخێکی خەیاڵییان هەیە.
ئۆپرەاسیۆنە ئاسمانییەکان: تێچووی سووتەمەنی و چاککردنەوەی ئەو سەدان فڕۆکە جەنگییەی رۆژانە هێرش دەکەن.
کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکان: بەڕێوەبردنی دوو گرووپی هێرشبەری کەشتیی فڕۆکەهەڵگر لە ناو دەریاکاندا بڕێکی یەکجار زۆر پارەی دەوێت.
هێزی مرۆیی: مووچە و تێچووی ئەو کارمەندە شارەزایانەی ئەم ئامێرە ئاڵۆزانە بەڕێوە دەبەن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکدا لە نووسینگەی هێلکەیی (ئۆڤەڵ ئۆفیس) پشتڕاستی کردەوە، داوای بودجەی یەکجار گەورەیان کردووە. ترەمپ گوتی: "ئێمە لەبەر زۆر هۆکار داوای ئەو پارەیە دەکەین، تەنانەت جگە لە بابەتی ئێرانیش؛ جیهان ئێستا زۆر ناجێگیرە."
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، دەیانەوێت کۆگەکانی چەک و تەقەمەنی بە تەواوەتی پڕ بکەنەوە و گوتی: "ئەمە باجێکی کەمە بۆ ئەوەی دڵنیا بین کە وەک هێزی یەکەم و لە لووتکەدا دەمێنینەوە."
جگە لە تێچووە راستەوخۆ سەربازییەکان، جەنگەکە زیانی گەورەی بە ئابووریی جیهان گەیاندووە. بەهۆی داخستنی تەنگەی هورمز لە لایەن ئێرانەوە، نرخی نەوت بازدانی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش گوشارێکی دارایی زۆری خستووەتە سەر بازاڕە جیهانییەکان و خێزانە ئەمریکییەکان.
پیت هێگسەس گوتی، ئەوان دووبارە دەگەڕێنەوە بۆ کۆنگرێس تاوەکو دڵنیا بن بودجەی پێویستیان لەبەردەستە، نەک تەنیا بۆ ئەوەی تاوەکو ئێستا کراوە، بەڵکو بۆ هەر کارێکی دیکە کە رەنگە لە داهاتوودا لە دژی ئێران پێویست بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ