رووداو دیجیتاڵ
سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسل کۆبوونەوە و زنجیرەیەک بڕیار و راسپاردەیان سەبارەت بە جەنگی ئێران، لوبنان و فەلەستین دەرکرد. ئەورووپا داوای راگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی وزە دەکات و پشتگیریی خۆی بۆ وڵاتانی کەنداو دووپات دەکاتەوە.
ئەمڕۆ هەینی، ئەنجوومەنی ئەورووپا رایگەیاند، پێشهاتەکانی ئێران هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی جیهان. داوای "ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتن" کرد و داوای کرد هەموو لایەنەکان هێرشکردنە سەر وێستگەکانی ئاو و وزە (کارەبا و نەوت) رابگرن. سەرکردەکان نیگەرانیی خۆیان بۆ لەدەستدانی گیانی خەڵکی سڤیل دەربڕی.
ئەورووپا بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە کرد و داوای لە تاران و گرووپەکانی سەر بە ئێران کرد دەستبەجێ هێرشەکان رابگرن و رێز لە سەروەریی وڵاتان بگرن، بەتایبەتی جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 2817ـی ئەنجوومەنی ئاسایش.
ئەنجوومەنی ئەورووپا پێشوازی لە ئامادەیی "ئۆکراینا" کرد بۆ دابینکردنی شارەزایی و سیستمی بەرگریی ئاسمانی و دژەدرۆن بۆ وڵاتانی کەنداو، بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئێران.
ئەورووپا هێرش بۆ سەر کەشتییەکانی تەنگەی هورمزی سەرکۆنە کرد و جەختی لە سەر "ئازادیی کەشتیوانی" کردەوە. داوای بەهێزکردنی ئەرکە دەریاییەکانی (EUNAVFOR ASPIDES) و (ATALANTA) کرد. هەروەها پشتگیریی قوبرسی کرد لە گفتوگۆکانی لەگەڵ بەریتانیا سەبارەت بە بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لە ناو دوورگەکەدا.
ئەنجوومەنی ئەورووپا دووپاتی کردەوە، "نابێت هەرگیز رێگە بدرێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی" و دەبێت تاران بگەڕێتەوە بۆ هاوکاریی تەواو لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی. هەروەها داوای لە ئێران کرد، کۆتایی بە "سەرکوتکردنی گەلەکەی" بهێنێت و رێز لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان بگرێت.
ئەنجوومەنی ئەورووپا بە تووندی سەرکۆنەی بڕیاری حیزبوڵڵای کرد بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل وەک پشتگیرییەک بۆ ئێران، داوای لێکرد دەستبەجێ چەک دابنێت. ئەورووپا هەروەها پێشوازی لە بڕیاری حکومەتی لوبنان کرد بۆ قەدەخەکردنی چالاکییە سەربازییەکانی حیزبوڵڵا.
ئەورووپا داوای لە ئیسرائیل کرد، هەر جۆرە هەڵکشانێکی زیاتری ئاسمانی یان وشکانی لە لوبنان رابگرێت و رێز لە سەروەریی ئەو وڵاتە بگرێت تاوەکو خەڵکی زیاتر ئاوارە نەبن.
سەرکردەکانی ئەورووپا هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونێفێڵ)یان بە "پێشێلکاریی گەورەی یاسا نێودەوڵەتییەکان" وەسف کرد و داوای لێکۆڵینەوەی وردیان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ