رووداو دیجیتاڵ
54 وەزیری ئەنجوومەنی کاروباری دەرەوە و کاروباری بەرگریی یەکێتیی ئەورووپا کۆبوونەوە؛ بێ کێشە و مشتومڕ، 17یەمین پاکێجی سزایان بەسەر رووسیادا سەپاند و قوورسایی ئەمجارەشیان لەسەر کەرتی کەشتیوانی بوو، بەڵام بۆ پرسی هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا، رای جیاواز و نیگەرانیی زۆر هەبوون لە دەستکراوەکردنی حکومەتێک کە هێشتا بۆ ئەورووپا نوێ و تاقینەکراوە.
کایا کاڵاس، سەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە کارمان لەسەر هەڵگرتنی گەمارۆکان لەسەر سووریا کردووە، هەوڵ دەدەین یارمەتیی خەڵکی سووریا بدەین؛ کاتێکیش رژێمی ئەسەد رووخا، ئەوە روونە ئێمە ویستوومانە کار و بژێوی بۆ خەڵک باش ببێت، تاوەکو وڵاتەکە سەقامگیرتر ببێت. بۆیە بۆئەوەی ئەمە بەدیبێت، پێویستە گەمارۆکان هەڵبگرین. بێگومان، هەندێک گفتوگۆی زۆر تووندمان هەبووە. نیگەرانی هەیە دەربارەی ئەوەی ئایا حکومەت بەرەو ئاڕاستەی دروست دەڕوات، بەڵام پێموایە چارەیەکمان نییە."
بڕیاری لەناکاو و خێرای ترەمپ بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا، وڵاتانی دژبەر و کۆکی یەکدەنگ کرد بۆ لابردنی هەموو سزا ئابوورییەکانی سەر سووریا.
رووداو پرسیاری لە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کرد، "ئایا یەکێتیی ئەورووپا هیچ مەرجێکی پێشوەختەی هەیە بۆ هەڵگرتنی سزاکان؟ ئەڵمانیا دەیەوێت چ رۆڵێک بگێڕێت بۆئەوەی کوردی هاوپەیمانیان لە شەڕی دژی داعش و نەتەوەکانی دیکە بەشداربن لە حکومڕانی سووریادا؟"
یۆهان ڤادە ڤول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە وەڵامدا گوتی، "چاوەڕوانی سیاسەتێکی گشتگیر لە حکومەتی سووریا دەکەین، ئەمەش مانای وایە گرووپە ئایینییە جیاوازەکان دەبێت بەشداربن. سووریا هەمیشە وڵاتێکی فرەچەشن بووە. لەگەڵ ئەوەشدا، بێگومان ئێمە دەمانەوێت پشتگیریی حکومەتێک بکەین کە توانای کرداریی هەیە بۆ باشترکردنی دۆخی گشتیی وڵاتەکە لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە. بۆیە ئێمە هەنگاو بە هەنگاو دەڕوانینە ئەو دەرفەتانەی بۆ کەمکردنەوەی گەمارۆکان هەن."
کاسپەر ڤیلدکامپ، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا گوتی، "سووریا کە ژمارەیەکی زۆر پێکهاتەی جیاوازی تێدایە، پێویستە مافەکانی هەریەک لەو پێکهاتانە پارێزراوبن، لەوانەش کریستیانەکان و کوردەکان. درووزەکان، عەلەوییەکان و ئێزدییەکان، پێموایە ئەمە زۆر زۆر گرنگە. بە دوودڵییەوە لە دەسەڵاتی نوێ لە سووریا دەڕوانین و دەمانەوێت وڵاتەکە داهاتوویەکی هەبێت، بۆ ئەوە پێویستیت بە بەرەوپێشچوونی ئابووری دەبێت، کە ئەویش پێویستی بە هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکانە."
یەکێتیی ئەورووپا لە شەڕی خوێناویی سووریادا، 322 کەسایەتی و 81 شوێن و دامەزراوەی خستبووە لیستی سزاکانی. ئێستا بەشار ئەسەدی پەنابەر و ئامۆزاکانی و چەند پلەدارێکی سەربازی و ئابووریی سەردەمی ئەسەد لە لیستی سزادراواندا ماون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ