لێکۆڵینەوەیەک: سەهۆڵی زنجیرە چیاکانی هیمالایا بە خێراییەکی بێوێنە دەتوێتەوە

20-06-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لێکۆڵینەوەیەک کە ئەمڕۆ ئەنجامەکەی بڵاوکراوەتەوە، دەریدەخات بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە، سەهۆڵی زنجیرە چیاکانی هیمالایا بە خێراییەکی بێوێنە دەتوێتەوە، ئەوەش بە واتای دروستبوونی مەترسی بۆسەر سەرچاوەی ئاوی دوو ملیار کەس دێت.
 
بەگوێرەی ئەو لێکۆڵینەوەیە کە ناوەندی نێودەوڵەتیی گەشەپێدانی چیایی (ICIMOD) کردوویەتی، لە نێوان ساڵانی 2011 و 2020، خێرایی توانەوەی سەهۆڵەکە بەراورد بە دەیەی پێشتر 65٪ زیاتر بووە. 
 
فلیپۆس وێستر، نووسەری سەرەکیی لێکۆڵینەوەکە دەڵێت: "بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، وەکو پێشبینی دەکرێت، بووەتە هۆی توانەوەی سەهۆڵەکە، بەڵام ئەوەی پێشبینی ناکرێت و مایەی نیگەرانیی گەورەیە، خێراییەکەیە." لێکۆڵەرەکە ئاماژە بەوە دەکات، توانەوەی سەهۆڵەکە "بەشێوەیەکی زۆر خێراتر لەوەی بیرمان لێ دەکردەوە روودەدات."
 
لێکۆڵینەوەکە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە زنجیرە چیاکانی هندۆکۆش و هیمالایا سەرچاوەی گرنگی ئاوی نزیکەی 240 ملیۆن کەسی ناوچە شاخاوییەکان و ملیارێک و 650 ملیۆن کەسی دیکەی ناوچەکانی دەوروبەرن.
 
ناوەندی ICIMOD کە دامەزراوەیەکی حکومیی نێودەوڵەتییە و بارەگای سەرەکی لە نیپالە و هەریەک لە ئەفغانستان، بەنگلادش، بۆتان، چین، هیندستان، بۆرما و پاکستان تێیدا ئەندامن، مەزەندە دەکات، ئەگەر دەردانی گازە گەرمکەرەکان بەم ئاستەی ئێستا بەردەوام بێت و رێگری لێ نەکرێت، ئەوا تاوەکو کۆتایی ئەم سەدەیە، 80٪ی سەهۆڵی هیمالایا دەتوێتەوە. 
 
ئەو سەهۆڵە سەرچاوەی ئاوی 10 گرنگترین رووباری جیهانە، لە نێویاندا، گانگ، سەند، رووباری زەرد، میکۆنگ و ئیراوادی، هەروەها سەرچاوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی خۆراک، وزە، هەوای پاک و داهاتی ملیاران کەسە.
 
ئیزابێلا کۆزیێل، جێگری بەڕێوەبەری ICIMOD دەڵێت: "لەبەر ئەوەی دوو ملیار کەس لە ئاسیا پشت بەو ئاوە دەبەستن کە لە سەهۆڵ و بەفری ئێرەوە دێت، لێکەوتەکانی لەدەستدانی ئەم بەستەڵەکە زۆر لەوە زیاترن بەرگەیان بگیرێت."
 
تەنانەت ئەگەر پێگیری بە رێککەوتنی کەشوهەوای پاریسەوە بکرێت و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە 1.5 بۆ دوو پلەی سیلیزیدا سنوورداربکرێت، پێشبینی دەکرێت تاوەکو ساڵی 2100 سەهۆڵی شاخەکان لە نێوان سێیەک بۆ نیوەی قەبارەیان لەدەستبدەن، ئەمە وەک لێکۆڵینەوەکە شیکردووەتەوە. 
 
وێستەر دەڵێت: "ئەمە جەخت لە پێویستیی کارکردنی بەپەلە لەسەر کەشوهەوا دەکاتەوە، هەر هەنگاوێکی بچووکیش، کاریگەریی گەورەی دەبێت و بە راستی پێویستمان بە کارکردنە بۆ رێگریی لە گۆڕانی کەشوهەوا." 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە