رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 15 هەزار هاووڵاتیی خەڵکی هایتی سنووری مەکسیکیان بڕی و پێیاننایە نێو خاکی ئەمریکا. کۆچبەران دوای گەیشتنیان بە ئەمریکا، بۆ چەند رۆژێک لە کەمپی دێل ریۆ لە تێکساس کۆکرانەوە و رێگەی رۆشتنیان لێگیرا.
دوای چەند رۆژێک مانەوەیان لەم کەمپە، ئەمریکا بڕیاریدا ئەم کۆچبەرانە دیپۆرتی وڵاتەکەیان بکاتەوە کە زۆربەیان هاووڵاتیی هایتین.
رۆژی یەکشەممە 19-09-2021 سێ فڕۆکە بە نزیکەی 400 سەرنشینەوە تێکساسیان جێهێشت و لە هایتی نیشتنەوە.
کۆچبەرێک کە دیپۆرتی هایتی کراوەتەوە دەڵێت "کاتێک ئێمە گەیشتینە ئەمریکا، ئەوان ئێمەیان خستە شوێنێکەوە بۆ ماوەی چوار رۆژ، چوار رۆژ بێئەوەی ددانەکانمان بشۆین، بێ ئەوەی خۆمان بشۆین، هەموو شتێک کە ئەوان بە ئێمەیان دا بریتی بوو لە هەندێک خۆراک. سەیرکە ئێمە چەند پیس و پۆخڵین."
بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری کۆچبەرانیش لە هایتی دەڵێت، هەر کۆچبەرێک 100 دۆلاری وەرگرتووە و تێستی کۆرۆناشی بۆ کراوە و ئێستا تیمەکانیان ئامادەن بۆ پێشوازیکردن لە کۆچبەرەکان و دەشڵێت "کۆچبەرەکان بە زەبری هێز دیپۆرتکراونەتەوە."
ژان نیگۆت بۆنێر، بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی نەتەوەیی کۆچبەران لە هایتی دەڵێت "کێشەکە ئەوەیە خەڵک دیپۆرتکردنەوە بە زەبری هێز قبووڵ ناکەن، چونکە ئەمە هۆکارەکەیە کە ئەوان هایتییان جێهێشت. ئەوان نەیانویست لە هایتی بژین. کەواتە، ئەگەر ئێمە باشترین، گەورەترین و پێشکەوتووترین ناوەندمان لە جیهان هەبوایە بۆ ئەوەی پێشوازیان لێبکەین، ئەوان قبووڵیان نەدەکرد چونکە بۆ ئەوان هایتی دۆزەخە. بۆ ئەوان هایتی خودی کێشەکەیە."
بەگوتەی بەرپرسانی سەر سنووری ئەمریکا، لە یەکەم رۆژی گواستنەوەی کۆچبەراندا، نزیکەی 3 هەزار و 300 کەس بە فڕۆکە بۆ هایتی دیپۆرتکراونەتەوە یان بەرەو کامپەکانی کۆچبەران گواستراونەتەوە، چاوەڕواندەکرێت لەکۆی نزیکەی 12 هەزار و 600 کۆچبەر، رۆژانە 3 هەزاریان بگوازرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ