رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەرێمی بێڵگۆرۆدی رووسیا رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئۆکراینادا دوو کەس کوژران و کەسێکی دیکەش بریندار بوو.
ڤیاچیسلاڤ گلادکۆڤ، پارێزگاری بێڵگۆرۆد لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی: "دوو هاووڵاتیی سڤیل لە گوندی (یاسنی زۆری) کوژران، کاتێک درۆنێک تەقەمەنی بەسەر پرۆژەیەکی کشتوکاڵیدا فڕێدایە خوارەوە. پیاو و ژنەکە دەستبەجێ بەهۆی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەستدا."
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، پیاوێکی دیکەش بەهۆی هێرشەکەوە بریندار بووە.
ئەم هێرشانە چەند رۆژێک دوای ئەوە دێن کە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی هاوتا ئەمریکییەکەی کۆبووەوە بەو هیوایەی مووشەکی کرووزی دوورمەودای ئەمریکی لە جۆری تۆماهۆک بەدەستبهێنێت، کە توانای لێدانی ئامانجی قووڵتریان لەنێو رووسیادا هەیە.
بەڵام زیلینسکی بە دەستی بەتاڵ گەڕایەوە، دوای ئەوەی ترەمپ پێی گوت لەبری ئەوە، لەگەڵ رووسیادا رێکبکەوێت.
لە چەند هەفتەی رابردوودا، مۆسکۆ هێرشەکانی بۆ سەر ژێرخانی سڤیلی ئۆکراینا چڕکردووەتەوە و بەهۆیەوە هەزاران کەس بێ کارەبا و گەرمکەرەوە ماونەتەوە، لە کاتێکدا زستانێکی سارد نزیک دەبێتەوە.
لە بەرامبەردا، ئۆکرایناش هێرشەکانی بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی رۆژئاوای رووسیا و دامەزراوە نەوتی و گازییەکانی چڕکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ