رووداو دیجیتاڵ
پارتی لیبڕاڵ دیموکراتی فەرمانڕەوای ژاپۆن و پارتی داهێنانی ژاپۆن کە یەکێکە لە دیارترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکەیە هاوپەیمانێتییەکیان پێکهێنا بۆ دروستکردنی حکومەتی ژاپۆن. میدیای ژاپۆنیش بڵاویکردەوە، ئەم هاوپەیمانێتییە نزیکە ببێتە هۆی هەڵبژاردنی یەکەم سەرۆکوەزیرانی ژن لە مێژووی وڵاتەکەیاندا.
پەرلەمانی ژاپۆن 465 ئەندامی هەیە؛ لە دوایین هەڵبژاردندا، کە تەممووزی ئەمساڵ کرا، پارتی لیبڕاڵ دیموکرات 196 کورسی و پارتی داهێنانی ژاپۆن 35 کورسی پەرلەمانیان هەیە. ئێستا بۆ پێکهێنانی حکومەت پێویستیان بە 233 کورسییە و 231 کورسییان کۆکردووەتەوە.
بەگوێرەی میدیای ژاپۆن، سانای تاکایچی، سەرۆکی پارتی لیبڕاڵ دیموکراتی فەرمانڕەوای ژاپۆن و هیرۆفومی یۆشیمورا، سەرۆکی پارتی داهێنانی ژاپۆن رێککەوتوون بۆ پێکهێنانی حکومەت.
بەگوێرەی ئەو راپۆرتانە، سانای بەربژێری پارتەکەیەتی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و بڕیارە رۆژی سێشەممە، پەرلەمانی ژاپۆن کۆببێتەوە سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەت. ئەگەر سانای دەنگی پێویست بهێنێت، دەبێتە یەکەم ژن لەو وڵاتە پۆستی سەرۆکوەزیرانی وەربگرێت.
پارتی دیموکراتی ژاپۆن بۆ گەل 148 کورسی پەرلەمانی هەیە. ئەگەر لەگەڵ پارتی داهێنانی ژاپۆن و پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دیکە هاوپەیمانێتییان پێکهێنابا دەیانتوانی حکومەت پێکبهێنن و سەرۆکوەزیرانێکی دەرەوەی پارتی لیبڕاڵ دیموکرات هەڵبژێرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ