جیهان
ڤۆلۆدیمیر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا پێشوازیی لە لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەکات. وێنە: سەرۆکایەتیی ئۆکراینا
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە سەردانێكی چاوەڕێنەکراو گەیشتە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا و لەوێ "بەردەوامبوونی پشتگیرییەکانی ئەمریکا"ـی بۆ ئەو وڵاتە لە جەنگەکەیدا دژ بە رووسیا دووپاتکردەوە.
رۆژی دووشەممە، 20-11-2023، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا و شاندێکی ئەمنی و سەربازی گەیشتنە کیێڤ و لەلایەن ڤۆلۆدیمیر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا و وەزیری بەرگری و چەند بەرپرسێكی دیکەی ئەو وڵاتە پێشوازییان لێکرا.
سەردانەکەی ئۆستن بۆ ئۆکراینا لە رێگەی شەمەندەفەرەوە بوو، کە لە پۆڵەنداوە بەڕێکەوت بەرەو کیێڤ.
ئەمە یەکەم سەردانی ئۆستنە بۆ ئۆکراینا لەدوای شەڕی غەززە، کە هەندێ میدیای جیهانی ئاماژەیان بە سستی یان "بەرەو نەمانی" هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا کردبوو.
لە کۆبوونەوەی هەردوو شاندی ئەمریکی و ئۆکراینی بە سەرۆکایەتی ئۆستن و زیلێنێسکی، وەزیری بەرگریی ئەمریکا گوتی، "ئەو پەیامەی کە ئەمڕۆ لەگەڵ خۆمم هێناوە ئەوەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێوەیە و تاوەکو کۆتایی رێگەکەش لەگەڵ ئێوەدا دەمێنێتەوە".
ئۆستن گوتیشی، "ئەو شەڕەی کە ئۆکراینا دژ بە رووسیا دەیکات تەنیا پەیوەندی بە ئۆکرایناوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە هەموو جیهانەوە هەیە و بە دڵنیاییەوە ئەمریکاش؛ بۆیە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەردەوام دەبن لە پێشکێشکردنی هاوکارییەکان بە ئۆکراینا تاوەکو ئەو دەمەی سەرکەوتوو دەبێت لە دەرکردنی رووسیا لە هەموو خاکەکەی".
لە سەرەتای شەڕی ئۆکرایناوە لە شوباتی 2021، ئەمریکا بە سەرووی 75 ملیار دۆلار هاوکاری سەربازی، لۆجستی، چەک، تێکنەلۆجیا، خۆراک و دەرمان و جۆرەکانی دیکەی هاوکاریی پێشکێشکی ئۆکراینا کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ